مەسعوود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، بە دانپێدانان بە کەمیی وزە و سووتەمەنی لە ئێڕان، سەبارەت بە چڕبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر هاووڵاتییان هۆشداریی دا.
پزیشکییان ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەناو دادوەری ڕایگەیاند کە "کەمی و کورتی لە بواری وزە و سووتەمەنیدا هەیە" و جەختی کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بێ چاکسازیی جیددی، گوشاری زیاتر دەخاتە سەر خەڵک.
لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو هیچ وردەکارییەکی دیاریکراوی سەبارەت بە ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە یان ڕێگەچارە کردەیییەکان نەخستە ڕوو.
لە بارودۆخێکدا کە سنووردارکردنی زانیارییەکان و پچڕاندنی ئینتێرنێت لەلایەن کۆماری ئیسلامی، دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانی قورس کردووە، سەرۆککۆماری ڕێژیم لە قسەگەلێکی چەواشەکارانەدا، باسی لە پێویستیی ئاگاداربوونەوەی خەڵک لە ڕاستییەکان کردەوە.
پێشتر شارەزایان ڕیشەی قەیرانی وزە لە ئێرانیان بۆ خراپ بەڕێوەبردن و نەبوونی بەرنامەی درێژخایەن گەڕاندووەتەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕێژیم هێشتا هەوڵ دەدەن هۆکارە دەرەکییەکان وەک هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە بناسێنن.