کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز گەیشتە نزمترین ئاست

17:58 - 31 خاکەلێوه 2726

لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر پرسی ئەمنییەتی کەشتیوانی، هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەریەک کەمی کردووە و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڕێڕەوە زیندووە بە کردەیی چۆل بووە.

بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن "MarineTraffic" بڵاوکراونەتەوە، لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا تەنیا سێ کەشتی چوونەتە ناو کەنداو، کە دوو دانەیان وەک نەوتهەڵگری بەتاڵ تۆمارکراون.

لە هەمان کاتدا، نەوتهەڵگرێکی بارکراو بەرەبەیانی دووشەممە لە گەرووی هۆرمۆز چۆتە دەرەوە. ئەم کەشتییە کە ناوی "نوا کرێست"ـە (Nova Crest) و لەلایەن شیرکەتێکی تورکییەوە بەڕێوە دەبرێت، پێشتر بەهۆی گواستنەوەی نەوتی ڕووسیە کەوتبووە ژێر سزاکانی بریتانیا و یەکیەتیی ئورووپا.

ڕاپۆرتی زانیاریی دەریایی "ویندوارد" دەریدەخات کە ڕۆژی شەممە، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی دووبارەی داخستنی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن سپای پاسدارانەوە، لانیکەم ۱۳ کەشتی ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیوە. هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، کەشتییەکی بارهەڵگر ڕووبەڕووی تەقەکردن بووەتەوە و دەستڕێژی تەقە لە دوو کەشتی دیکەش کراوە.

لە دوای ئەم گرژیانە، ڕۆژی یەکشەممە هیچ نەوتهەڵگرێک لەو گەرووە تێنپەڕیوە، هەرچەندە شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە ڕەنگە هەندێک کەشتی شوێنی خۆیان بە نهێنی هێشتبێتەوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزی دەریایی سپای پاسداران فەرمانی ڕاگرتنی بە چەندین کەشتیی بازرگانی داوە.