کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناکۆکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمریکا لە بەرەبەرەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستدا

18:02 - 31 خاکەلێوه 2726

سەرچاوەیەکی باڵای ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی هێشتا بەردەوامن و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەقامگیر، ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیدی بوونەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "ڕۆیتێرز"، وتی کە هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی ئاگربەستی کاتی، هەردوولا هێشتا لەسەر پرسە سەرەکییەکان نەگەیشتوونەتە لێک تێگەیشتن.

ئەم بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە "توانا بەرگرییەکانی" ئێران، لەوانەش بەرنامەی مووشەکی، نابنە تەوەری دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و زیادی کرد کە بەردەوامیی گوشارەکان و گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز دەتوانێت پرۆسەی دانوستانەکان لاواز بکات.

لە هەمان کاتدا، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەدا، گورزی کوشندەیان لە ژێرخانەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ئێران داوە و ئەو شوێنە سەرەکییانەی کە پەیوەندییان بە پەرەپێدانی مووشەکەوە هەبووە، کراونەتە ئامانج و لەئێستادا ئێران ناتوانێت هیچ مووشەکێک بەرهەم بهێنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵسەنگاندنە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە ئێران لە ساڵانی داهاتوودا هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی بەشێک لە توانای بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی بدات.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا شەڕیان دژی ئێران دەست پێنەکردایە، ئێران لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا نزیکەی ٨ هەزار مووشەکی بالستیکیی کۆدەکردەوە.