کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لەنێوبردنی تۆڕێکی تیرۆریستیی سەر بە ئێرانی لە ئازەربایجان ڕاگەیاند

18:11 - 31 خاکەلێوه 2726

ئیسرائیل ناساندن و لەنێوبردنی تۆڕێکی تیرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە کۆماری ئازەربایجان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم تۆڕە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەرپرسان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی لە شوێنە جیاوازەکان کردووەتە ئامانج.

بەپێی بەیاننامەکی هاوبەشی مووساد، ئەرتەشی ئیسرائیل و شین‌بێت، ئەندامانی باڵای ئەم تۆڕە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، کە لە ٩ی ڕەشەمەوە دەستی پێکردووە، کوژراون.

پێشتریش بەرپرسانی ئازەربایجان ڕایانگەیاندبوو کە چەندین پلانی هێرش، لەوانەش بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە باکوو، کەنیسەیەک و سەرکردەکانی کۆمەڵگەی جوولەکە، پووچەڵ کراونەتەوە.

بە وتەی دەزگای ئەمنییەتیە دەوڵەتی ئازەربایجان، ئەم هەنگاوانە بە ڕێنوێنیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی پلانی بۆ داڕێژرابوو.

باکۆ ڕایگەیاند کە لانیکەم ٧ی کەسی ئازەربایجانی لە پەیوەندی بەم لێکۆڵینەوانەدا دەستبەسەر کراون.

هەروەها هاتووە کە هێڵی ستراتیژیی گواستنەوەی نەوتی باکوو-تەفلیس-جیهان کە یەک لەسەر سێی هاوردەی نەوتی ئیسرائیل دابین دەکات، یەکێک بووە لە ئامانجە ئەگەرەکانی ئەم تۆڕە.

بەپێی بەیاننامەکەی ئیسرائیل، ئەم تۆڕە لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی ئێران، دڕۆنی خۆکوژییان بە قاچاخ بردووەتە نێو ئازەربایجان و سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری بوون لەسەر ئامانجەکان.

بەرپرسانی ئیسرائیل هەروەها کوژرانی چەند ئەندامێکی سەرەکیی ئەم تۆڕەیان لە ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێران" ڕاگەیاندووە.