لەسەر بانگهێشتی "ماڵی کوردان" و بە بەشداریی کارای ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لایەنە سیاسییەکان و ڕەوەندی کوردی، کۆڕێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ٢٨ی خاکەلێوە (خەزڵ مەولان، نێدا میری، سەمیرا عەلییاری و شاهین ئازەربەرین) لە شاری لیدزی بریتانیا بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. لە بەشە جیاوازەکانی بەرنامەکەدا، پەیامی بەخێرهاتن لەلایەن بێستون کافرۆشی (ماڵی کوردان)، پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەلایەن ئازاد مورادوەیسی، و پەیامی کۆمیتەی لیدزی حیزبی دێموکرات لەلایەن دڵشاد عەنایەتی پێشکەش کران. هەروەها عومەر ساڵح، پەری کامیارانی و کاشان کەمال وتارگەلێکیان سەبارەت بە پێگەی شەهیدان، ڕۆڵی ژنان لە خەبات و گرنگیی وشیاریی نەتەوەیی پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی پڕ لە هەست و سۆزدا، ئامادەبووان بە پێشکەشکردنی گوڵ بە وێنەی شەهیدان، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی ئەوان نوێ کردەوە. لە کۆتاییدا سپاسی ستافی بەڕێوەبەری و ماڵی کوردان کرا و کۆڕەکە بە دروشمی "شەهید نامرێ" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.
