کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێکی پەروەردەیی لە دەرەوەی وڵات

11:01 - 1 بانەمەڕ 2726

بەشی پەروەردەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکرات ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی خاکەلێوە کۆڕێکی لەژێر ناوی "حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرهەمهێنەری گوتاری نەتەوەیی" بۆ بەڕێز "دوکتور ناسر باباخانی" پێک‌هێنا. ئەم وێبینارە بە ڕاگرتنی خۆلەکێک بێدەنگی بو گیانی پاکی شەهیدان بە تایبەتی شەهیدانی ئەم جارەی دەستی تیرۆری کۆماری ئیسلامی شەهیدان نەدا میری، سەمیرا ئەڵڵایاری و شاهین ئازەربەرزین دەستی پێکرد.

بەڕێز دوکتور ناسر باباخانی لە سەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی بە گرینگیی گوتاری نەتەوەیی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا کرد. دواتر پێی لەسەر ئەوە داگرت کە ئەوەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران تاکوو ئێستا کردوویە و دەیکا و توانیویەتی ئەم پرشوبڵاوییەی کۆمەڵگەی کوردی لە سیستەمی خێلەکییەوە بگوازێتەوە بۆ دیسکۆرسی نەتەوەیی و بەرەو نەتەوەییبوونی ببات؛ لە بۆشاییدا نەهاتوونەتە دی بەڵکوو مێژوویەکی لە پشتە. وەک جووڵانەوەی ساڵی ١٣١٨ بە ناوی "حیزبی ئازادیخوازانی کوردستان"، ١٣٢١ بە ناوی "ژێکاف" و دواتر لە ساڵی ١٣٢٤ بەڤدامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد."

کۆڕگێڕ لە کۆتایی و ئاکامگیری باسەکەیدا هۆی مانەوەی ئەم گوتارە نەتەوەییەی سەرەرایی نەبوونی حوزووری فیزیکیی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵک و خاکی خۆیدا بەڵام هەر ڕیشەدارە، گەراندەوە بۆ سەرمایەی کۆمەڵایەتیی ئەم حیزبە و ئەوە کە حیزبی دێموکرات بەردەوام لەسەر ئەم ڕێباز و هێڵی گوتاری نەتەوەییە ئەرکی خۆی بەجێ دێنێ و لە بەرامبەر ناوەند و خۆ سەپاندنی داگیرکەردا ڕادەوەستێ و ڕاهێنان و پەروەدەی ئەم گوتارە لە ڕێگای گێڕانەوە و فەرهەنگ و هونەرەوە دەگوازرێتەوە بو نەوەی نوێ.