کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: هێنانەدەرێی ئۆرانیۆمی ئێران کارێکی سەخت و دڕێژخایەنە

11:05 - 1 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند پڕۆسەی ڕاماڵینی پاشماوەی "تۆزی ئەتۆمی" لە ئێران دوای هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی ئەمریکا پڕۆسەیەکی "درێژخایەن و سەخت" دەبێت. ناوبراو بە ئاماژەدان بەو ئۆپەراسیۆنەی بە "چەکوشی نیوەشەو" ناویان برد، ئیدیعای کرد ئەم هێرشە نیزامییە بووەتە هۆی لەنێوبردنی تەواو و هەمەلایەنەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.

لەو هێرشەدا سێ ناوەندی ئەتۆمی لە نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ کرانە ئامانج. لەگەڵ ئەوەشدا کارناسانی سیاسی و چاودێرانی کاروباری ئێران باس لەوە دەکەن نزیکەی ٤٤٠ کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٦٠ لەسەد هێشتا لە ئێراندا ماوەتەوە؛ ماددەیەک کە ئەگەر ئاستی پیتاندنەکەی بگاتە ٩٠ لەسەد، دەتوانێت سووتەمەنیی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی نزیکەی ١٠ چەکی ئەتۆمی دابین بکات.

سەرۆککۆماری ئەمریکا لەو ماوەیەدا بەردەوام پێداگریی کردووە کە وڵاتەکەی بە هەر شێوەیەک بووبێت ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بەدەست دەهێنێت. هەروەها واشینگتۆن ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات و بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەی ئەم ماددانە بۆ ئەمریکا، هەموو بژاردەکان بەکار دەهێنێت.