ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، نیشانی دەدەن کە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەمریکا و ئیسرائیل، بوونەتە هۆی تێکشکاندنی پردێکی ستراتیژیی لە حاڵی دروستکردن لە باکووری شاری کەرەج.
هەواڵدەریی "فارس" سەر ڕێژیم ڕایگەیاند کە لە یەکێک لەو هێرشانەدا، پردی ئاسمانیی "بی١'' لە ناوچەی عەزیمییەی کەرەج پێکراوە.
ئەم پردە کە میدیاکانی نێوخۆی ئێران بە "بەرزترین پردی ئاسمانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناویان دەبرد، ڕێگەی چاڵووس بە شاڕێی تاران-باکوور دەبەستێتەوە و هێشتا نەکەوتبووە بواری کەڵک لێ وەرگرتن.
وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان نیشانی دەدەن کە زیانێکی زۆر بەر ئەم پردە کەوتووە کە لەسەر ڕووباری کەرەج دروست کراوە. چەند کاتژمێرێک دواتر، وێنەی دیکە بڵاو کرانەوە کە هێرشی دووبارە و ڕوودانی تەقینەوەی بەهێز لەسەر ئەم پردە دەسەلمێنن.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە وتبووی کە ڕەنگە واشنگتۆن لە چەند حەفتەی داهاتوودا لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام هۆشداریی دابوو: "ئەگەر وا نەبێت، ئێمە چەند پردێک دەپێکین؛ چەند پردێکی باشمان لەبەرچاو گرتووە." ناوبراو هەروەها وتبووی: "ئەگەر ئەوان بێنە سەر مێزی دانوستان، ئەوە کارێکی باش دەبێت."
پارێزگاریی ئەلبورز ڕایگەیاند کە لە کاتی هێرشی یەکەم بۆ سەر پردی'' بی١''، "دوو کەس" کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە ئەم پردە پڕۆژەیەکی لەدەستی دروستکردن بووە و ڕووداوەکە لە ناوچەی کارگێڕیی پڕۆژەکەدا ڕووی داوە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە، کارەبای چەند ناوچەیەکی شاری کەرەج پچڕاوە و پارێزگاریی ئەلبورزیش ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.