کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەرووسی: ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەبێ چاوەدێری ئاژانس بێمانایە

11:23 - 1 بانەمەڕ 2726

ڕافائێل گەڕووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، هۆشداری دا کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و ئەمریکا، بەبێ چاوەدێری و پشتڕاستکردنەوەی ئەم دامەزراوەیە "بێ مانا" دەبێت.

گەڕووسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "تێلێگراف" جەختی کردەوە: "بەبێ پشتڕاستکردنەوە و دڵنیایی، هەر ڕێککەوتنێک لە ڕاستیدا ڕێککەوتن نییە، بەڵکوو تەنیا وەهمێکە لە ڕێککەوتن."

گەڕووسی بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرەکیی ئاژانس گوتی، ئەم ناوەندە تەنیا سەرچاوەی نێودەوڵەتییە کە دەتوانێت چاودێریی بەسەر پێبەندبوون یان نەبوونی وڵاتان بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانیان هەبێت. بە قسەی ناوبراو، نەبوونی چاوەدێریی ورد دەتوانێت متمانەی هەر ئەگەرێکی ڕێککەوتن بە شێوەیەکی جیددی بخاتە ژێر پرسیارەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس هەروەها لەبارەی پەرەسەندنی گرژییە جیهانییەکان وڵاتانی وریا کردەوە و گوتی جیهان لەبەردەم مەترسیی چوونە نێو پێشبڕکێیەکی نوێی چەکە ئەتۆمییەکان‌دایە و ئەم دۆخە کەلێن دەخاتە نێو سیستەمی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و تەنانەت لەوانەیە هەتا ٢٠ وڵات هان بدات بۆ ئەوەی بکەونە دوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.