کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات تۆڕێکی تیرۆریستیی سەر بە کۆماری ئیسلامی هەڵتەکاند

11:54 - 1 بانەمەڕ 2726

ئیمارات ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوە ڕایگەیاند تۆڕێکی تێرۆریستیی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامییان پاش دۆزینەوە هەڵتەکاندووە و ئەندامانی ئەو تیمەیان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵات دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری دەوڵەتیی ئیمارات (وام)، ئەم گرووپە بەنیازی ئەوە بوون لە ڕێگەی "ڕاکێشان و کۆکردنەوەی هێز" لە شوێنە هەستیارەکاندا، کاری تێکدەرانە و تیرۆریستی بکەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەندامانی ئەم تۆڕە بە نهێنی هەڵسووراون، لەوانە پلاندانان بۆ کردەوەی تێرۆریستی لەنێو خاکی ئیماراتدا و ئامانجی سەرەکییان "لێدان لە یەکڕیزیی نیشتمانی و تێکدانی سەقامگیریی" وڵات بووە. بەرپرسانی ئیمارات گوتوویانە ئەم گرووپە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبووە.

بەپێی ئاکامی لێکۆڵینەوەکان، ئەندامانی ئەم تۆڕە کۆبوونەوەی نهێنییان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەگەڵ کەسان و ڕێکخراوی گوماناوی گرتووە و هەوڵیان داوە لە ڕێگەی ڕاکێشانی لاوانەوە، ئەوان لەپێناو ئامانجەکانی وڵاتانی بیانیی وەک ئێراندا بەکاربهێنن. هەروەها کۆکردنەوەی سەرچاوەی دارایی نایاسایی و گواستنەوەیان بۆ لایەنە گوماناوییەکان، یەکێکی دیکە لە کارەکانی ئەم گرووپە بووە.