ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلی وەک ئامرازێک بۆ زیادکردنی سەرکوتە نێوخۆییەکان بەکارهێناوە.
لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی ١ی بانەمەڕ بڵاوکراوەتەوە، هاتووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەزاران کەس بە شێوەیەکی هەڕەمەکی گیراون و ئازار و ئەشکەنجە دراون. ئەم دامەزراوەیە باسی ئەوەشی کردووە هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان چەکیان لە خەڵک کێشاوە و بەو هۆیەوە زۆر کەسیان کوشتوون. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، مافەکانی ژنان و کچان و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان سیستماتیک پێشێل دەکرێ.
لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها سەبارەت بە دەرکردن و گەڕاندنەوەی زۆرەملیی زیاتر لە یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار ئەفغانی ڕەخنەی لە کۆماری ئیسلامی گرتووە و ئاماژەی بەوەش داوە ئێعدام، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملی، ئەشکەنجە و نقوستانکردن لە سیستمی قەزایی ئێراندا ئێستاش بە لێشاو دەکرێن.
ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێ پارێزراوبوونی کۆماری ئیسلامی لە تاوانەکانی ڕابردوو و ئێستای و پێشگرتن لە سەردانی چاودێرەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی کۆماری ئیسلامیی بۆ بەردەوامیی تاوانەکانی ئاوەڵا کردووە.