هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕایگەیاند کەشتیی بارهەڵگری "توسکا"ی کۆماری ئیسلامی کە ڕۆژی یەکشەممە لە دەریای عومان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیرا، ئەگەری هەیە باری قاچاغ و نایاسایی هەڵگرتبێت. بە قسەی سەرچاوەکانی زانیاریی ڕۆیتێرز بارەکەی ئەم کەشتییە دەکرێت هەم بۆ پیشەسازیی ئاسایی و هەم لە تێکنۆلۆژیی کەرەستە نیزامییەکاندا بەکاربهێنرێت.
ئەم کەشتییەی کۆماری ئیسلامی پێشتریش بەهۆی بەشداریی لە پڕۆژە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا خرابووە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند خەدەمەی کەشتییەکە وڵامی هۆشدارییە یەک لەدوای یەکەکانیان نەداوەتەوە و گەمارۆی دەریاییان پێشێل کردووە؛ ئەمەش وای کردووە دوای تەقەی وریاکردنەوە دەستی بەسەردا بگرن.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەگەر هەیە کەشتییەکە کەرەستەی کانزایی، لوولە یان پارچەی ئەلیکترۆنی بۆ دەکارکردن لە پیشەسازیی نیزامیی کۆماری ئیسلامی گواستبێتەوە.