کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئارژانتین کارداری دیپڵۆماتیکی ڕێژیمی ئێرانی دەرکرد

19:55 - 13 خاکەلێوه 2726

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئارژانتین، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە نوێنەری دیپڵۆماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەهۆی "تۆمەتی ناڕاست، سووکایەتی و قسەی بێبنەما" لە لایەن تارانەوە، لە وڵاتەکەی دەرکردووە.

لە بەیانییەی فەرمیی ئەم وەزارەتخانەیەدا هاتووە کە فەرمان بە "موحسێن سوڵتانی تێرانی"، کاردار و کونسوڵی ڕێژیمی ئێران دراوە، کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا خاکی ئارژانتین بەجێ بهێڵێت.

ئەم بڕیارە توندەی بوێنس ئایریس دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەممە، دەوڵەتی ئارژانتین بە فەرمی "سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی" وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساند.

ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و بوێنس ئایریس لەم چەند ڕۆژەی دواییدا گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی و دەرکردنی نوێنەری دیپڵۆماتیکی ڕێژیم، نیشانەی پچڕانی پەیوەندییەکان و تەریککەوتنەوەی زیاتری کۆماری ئیسلامییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.