کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووهەمین کەشتیی ئێران دەستی بەسەردا گیرا

18:45 - 1 بانەمەڕ 2726

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند لە ئۆقیانووسی هیند دەستیان بەسەر"تیفانی"، نەوتهەڵگرێکی سزادراوی کۆماری ئیسلامی داگرتووە. بەپێی ڕاگەیەندراوی پێنتاگۆن، هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١ی بانەمەڕ بە هەلیکۆپتەر لەسەر ئەم کەشتییە دابەزیون و دەستیان بەسەر داگرتووە.

پێنتاگۆن لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" ڕایگەیاند ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنگتۆن بۆ تێکدانی تۆڕە دەریاییە پەیوەندیدارەکان بە کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراوە.

لەم بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە دەریاکاندا و ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پاڵپشتی ماددی ڕێژیمی ئێران دەکەن. بەرپرسانی ئەمریکا هەروەها ڕوونیان کردەوە کە ئاوە نێودەوڵەتییەکان پەناگەیەکی ئارام نین بۆ کەشتییە سزادراوەکان و ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی ئەو کەشتییانە بەردەوام دەبن.

دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی "تیفانی" لە کاتێکدایە کە پێشتریش کەشتییەکی بارهەڵگری دیکەی ئێران بە ناوی "تۆسکا" لەلایەن ئەمریکاوە بە گومانی گواستنەوەی کەلوپەل و کەرەستەی پێوەندیدار بە تێکنۆلۆژیی نیزامیی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەردا گیرابوو.