کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و قەیرانی ئینتێرنێت؛ بژێوی خەڵک لە لێواری داڕماندایە

18:47 - 1 بانەمەڕ 2726

بەردەوامیی شەڕ و خراپیی ئینتێرنێت، ژیانی خەڵکی لە ئێران زۆر سەخت کردووە، ئەوەش لە کاتێکدا ئەم دۆخە کەمترین بایەخی لەلایەن ناوەندە بەرپرسیارەکانی ڕێژیمەوە پێ نادرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان نرخەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو چەند هیندە گران بوون و بەهۆی دابەزینی نرخی تمەن و گرانییەوە، توانای کڕینی خەڵک دابەزیوە و زۆرینەی خەڵک ناچارن زۆر کەمتر لە جاران شتومەک بکڕن و بە زەحمەتێکی زۆر تەنیا شتە زۆر پێویستەکانیان بۆ دابین دەبێت.

لەگەڵ زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان هەندێک لە لایەنگرانی ڕێژیمیش داوایان لە خەڵک کردووە خۆیان بۆ دۆخی سەختتر ئامادە بکەن. لەم نێوەدا، نیگەرانییەکان سەبارەت بە توانای ڕێژیم بۆ پێدانی مووچەی کارمەندان لە ئەگەری بەردەوامیی داخستنی گەرووی هۆرمۆز زیادی کردووە.

ڕاوەستانی بازاڕ، نەمانی هەلی کار، وەستانی زۆر هەلی کاریی ئێنترنێتی و زۆربوونی چەکی گەڕاوە و زیانگەیشتن بە پیشەسازییە سەرەکییەکانی وەک پترۆشیمی و پۆڵا، داکشانی ئابووریی قووڵتر کردووە. خەمڵاندنی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ زیانی ۲۷۰ میلیارد دۆلارییش ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە نیشان دەدات. شارەزایان دەڵێن بەردەوامیی شەڕ و سنووردارکردنی پەیوەندییەکان، درزی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا زیاتر دەکات.