دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ئاگربەسی نێوان واشنگتۆن و تاران، ڕایگەیاند کە ئەگەری درێژکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە کەمە. دۆناڵد ترامپ ئێرانی بە پێشێلکاریی بەردەوامی ڕێککەوتنی نێوانیان تۆمەتبار کردوە.
ئەم ئاگربەسە دوو حەوتووییەی کە لە ١٩ی خاکەلێوەوە دەستی پێ کردووە، بڕیارە شەو چوارشەممە بەکاتی واشنگتۆن کۆتایی بێت. ترامپ لە لێدوانێکدا لە "ترووس سۆشیاڵ" و هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "بلومبێرگ" جەختی کردەوە ئێران چەندین جاری ئاگربەس شکاندووە و واشنگتۆن ئامادە نییە ڕێککەوتنی خراپ قبوڵ بکات.
ترامپ هەروەها ئاماژەی بە بە گرنگیی گەرووی هۆرمۆز کرد و گوتی ئێران زۆر بە جیددی داوای کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە گرنگە دەکات، بەڵام ئەمریکا تا گەیشتن بە ڕێککەوتن، کارێکی وەها قبوڵ ناکات. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆکانی داهاتوو دەتوانێت یەکلاکەرەوە بن.