کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئاگربەست لەگەڵ ئێران درێژکرایەوە و گەمارۆکانیش بەردەوامن

09:59 - 2 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئاگربەست لەگەڵ ئێران درێژ دەکرێتەوە و لە هەمان کاتدا گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە ئەو پێشتر ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەستی بە کەم زانیبوو؛ ئەمەش نیشاندەری گۆڕانی هەڵوێستی واشنگتۆن لە ماوەیەکی کورتدا.

ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران تووشی درز و ناکۆکی جیددی بووە کە شتێکی چاوەڕواننەکراویش نییە و لەسەر داوای عاسم مونیر، فەرماندەی ئەرتەشی پاکستان و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، لە ئەمریکا داوا کراوە هێرش بۆ سەر ئێران دوابخرێت تا ئەو کاتەی ڕێبەران و نوێنەرانی ئێران دەتوانن بگەنە پێشنیارێکی یەکگرتوو.

ناوبراو وتی لەسەر ئەم بنەمایە، فەرمانم بە هێزەکانمان کردووە بەردەوام بن لە گەمارۆدان و لە بوارەکانی دیکەشدا لە ئامادەباشی تەواودا بمێننەوە.

ترامپ جەختی کردەوە کە ئاگربەست تا ئەو کاتەی پێشنیارەکەی ئێران پێشکەش دەکرێت و گفتوگۆکان بە هەر شێوەیەک بە ئاکام بگەن، درێژ دەکرێتەوە.