سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی بانەمەڕ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس ڕایگەیاند کە واشنگتۆن لە چوارچێوەی سیاسەتی گوشارە زۆرینەکان لە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت.
ناوبراو ئامانجی ئەم هەنگاوەی بۆ سنووردارکردنی هەناردەکردنی نەوت و کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی ئێران گەڕاندەوە و هۆشداری دا کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دەبێتە هۆی پڕبوونی ئەنبارەکانی دوورگەی خارک و بەم هۆیەشەوە بیرە نەوتەییەکان لە ئێران دادەخرێن.
بێسێنت جەختی کردەوە کە ئەمریکا بە بەکارهێنانی کەرەستە داراییەکان و سزاکان، هەوڵ دەدات دەستڕاگەیشتنی ئێران بە سەرچاوە داراییە نێودەوڵەتییەکان سنووردار بکات و هەر جۆرە هاوکارییەک لە بازرگانی یان دابینکردنی دارایی پەیوەندیدار بە ئێران، دەبێتە هۆی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە بلۆکەکردنی ئەو سەرمایانەی کە سەر بە خەڵکی ئێرانن و لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە بۆ دەرەوە گوازراونەتەوە.