ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژوورناڵ'' لە زمان بەرپرسانی ئەمریکایی و عێراقییەوە بڵاوی کردەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا ناردنی بارە دۆلارەکانی بۆ عێراق ڕاگرتووە و هاوکارییە ئەمنییەکانیشی لەگەڵ ئەم وڵاتە هەڵپەساردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئامانجی واشنگتۆن لەم هەنگاوانە، ناچارکردنی دەوڵەتی بەغدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانەیە.
لەو ڕاستایەدا وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بارێکی نەختینەی نزیکەی ٥٠٠ میلیۆن دۆلاری لە داهاتە نەوتییەکانی عێراقی بلۆکە کردووە.
هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دابینکردنی بودجەی بەرنامە پەیوەندیدارەکان بە بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی، تا کاتی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەم گرووپانە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە.