کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی زیندانییەکی دیکە بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران

11:09 - 2 بانەمەڕ 2726

دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی هەواڵی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەدانی زیندانییەکی بە ناوی "مەهدی فەرید" بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" ڕاگەیاند. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "میزان"، ئەم حوکمە ڕۆژی چوارشەممە و دوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، مەهدی فەرید بە "هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل" و "گواستنەوەی زانیارییە هەستیارە ئەمنییەتییەکان" تۆمەتبار کراوە و وتراوە کە لە یەکێک لە دامەزراوە گرینگەکانی ئێران چالاکیی هەبووە.

بەرپرسانی دادوەری ڕێژیم باس لەوە دەکەن ناوبراو لە ڕێگەی تۆڕي کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی لەگەڵ مووساد هەبووە و دەستی بە زانیارییە گرینگەکان گەیشتووە.

هەروەها ئیدیعای ئەوە کراوە کە ناوبراو بەهۆ کارەکەیەوە، زانیاریی وەک پێکهاتەی ڕێکخراوەیی، وردەکاریی دامەزراوەکان، شێوازەکانی پارێزگاری و داتاکانی پەیوەندیدار بە ناسنامەی کارمەندانی لەبەردەستدا بووە یان لە هەوڵی گواستنەوەیاندا بووە.

هاوکات، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە زیادبوونی جێبەجێکردنی حوکمەکانی سێدارە لە ئێران دەربڕیوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم دامەزراوانە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٨ کەس لە پەیوەندی بە دۆسییە ئەمنییەتییەکان لەو وڵاتەدا لەسێدارە دراون.