کۆماری ئیسلامی بە چوار دڕۆنی بۆمبڕێژکراو یەکێک لە بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا زیانی گیانی و ماددی کەوتەوە.
پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بەم هێرشە ڕایگەیاندووە کە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، کاتژمێر ١:٢٤ خولەک کۆماری ئیسلامی بە چوار دڕۆن هێرشی کردە سەر یەکێک لە بارەگاکانی و لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئێران تەنیا لە دژی هەرێمی کوردستان پێبەندی ئاگربەست نەبووە و بەردەوامە لە پەلامارە هاژەکی و دڕۆنییەکانی.
پارتی ئازادیی کوردستان لەو ڕاگەیەندراوەدا وتوویەتی کە پاراستنی ئاسمانی کوردستان و هێزی پێشمەرگە ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسیی ترامپە و ناکرێ لە کاتی ئاشتیدا تەنیا تەماشاکەری هێرشەکانی تاران بن.