وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند ١٤ کەس، دامەزراوە و فڕۆکەی پەیوەندیدار بە ئێران، تورکیە و ئیماراتی بەهۆی ڕۆڵیان لە دابینکردن و گواستنەوەی چەک بۆ کۆماری ئیسلامی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
بە وتەی ئەم دامەزراوەیە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکانی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی بنیادنانەوەی توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە.
لە بەیاننامەی ئەم وەزارەتەدا هاتووە کە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە دڕۆنەکانی شاهید بەستووە بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری جەختی کردەوە کە واشنگتۆن لە چوارچێوەی کەمپەینی "تووڕەیی ئابووری" سەرچاوە داراییەکانی پەیوەندیدار بەم چالاکییانە دەکاتە ئامانج.
لە نێوان کەسە گەمارۆدراوەکاندا، ناوی بەڕێوەبەران و ئەندامانی چەند کۆمپانیایەکی پەیوەندیدار بە دابینکردنی پارچەکانی دڕۆن لەوانە "پێشگام ئەلکترۆنیک سەفە" دەبینرێت. هەروەها چەند کۆمپانیایەک لە ئێران، تورکیە و ئیمارات و دوو فڕۆکەی بۆینگ ٧٧٧ی سەر بە ماهان ئەیر خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
ئەم گەمارۆیانە هاوکات لەگەڵ بنبەستی دانوستانەکانی تاران و واشنگتۆن و بەردەوامیی گرژییەکان لە ناوچە سەپێندراون.