کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند بەردەوامیی پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بە لابرانی گەمارۆدانی دەریایی بەستراوەتەوە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، درێژکردنەوەی ئاگربەستی تا کاتی گەیشتن بە ئەنجام لە دانوستانەکانی تاران و واشنگتۆن ڕاگەیاند، بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوە کرد کە بەردەوامیی گفتوگۆکان تەنیا لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی دەریایی دەبێت.
سەعید ئیرەوانی، نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە وتی هەر کاتێ گەمارۆی دەریایی لابردرا، گەڕی داهاتووی دانوستانەکان لە ئیسلامئاباد بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو هەروەها زیادی کرد کە کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو سیناریۆیەکان لەوانە چارەسەری سیاسی یان شەڕ ئامادەیە.
ترامپ ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندبوو ئاگربەست لەگەڵ ئێران تا کاتی ئەنجامدانی دانوستانەکان درێژ دەکرێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە تا ئەو کاتە گەمارۆی دەریایی بەردەوام دەبێت.