وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: بە بۆنەی یادی ١٢٨ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، کە وەک وەرچەرخانێکی مەزنی مەعریفی و نەتەوەیی لە مێژووی هاوچەرخی کورددا تەماشا دەکرێت؛ بەم بۆنەوە وتووێژێکی تایبەتەمان لەگەڵ بەڕێز کەیوان ئازاد ئەنوەر، پسپۆڕ و شارەزای بواری مێژوو ڕێکخستووە.
لەم دیدارەدا، تیشک دەخەینە سەر ڕەهەندە شاراوەکانی سەرهەڵدانی یەکەمین سەکۆی میدیایی کورد لە تاراوگە، و ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە وای کرد بنەماڵەی بەدرخانییەکان لە قاهیرەوە پەیامی ڕزگاریخوازی و هۆشیاریی نەتەوەیی بڵاو بکەنەوە. مامۆستا کەیوان ئازاد، بە دیدێکی قووڵی مێژوویی و شیکارییەوە، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ دەداتەوە؛ لەوانە: پەیوەندیی نێوان بنەماڵەی بەدرخان و دەسەڵاتدارانی میسر، ئاستەنگەکانی بەردەم بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکە، پرسی شێوەزار و زمانی ستاندارد، و هەڵسەنگاندنی پێگەی میدیای کوردی لە ئێستادا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
ئەم وتووێژە، هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن (میقداد مەدحەت بەدرخان) توانی لە سەردەمێکی پڕ لە داگیرکاری و بێدەنگ کردندا، چەمکی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕێگەی پیت و وشەوە زیندوو بکاتەوە و تۆپەکە بخاتە ناو گۆڕەپانی نەوەکانی دوای خۆی.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم، بۆچی بنەماڵەی (بەدرخان)ییەکان (قاهیرە)یان وەک یەکەم وێستگە بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەی ''کوردستان'' هەڵبژارد؟ ئایا ئەمە تەنیا بەهۆی سانسۆڕی عوسمانییەکانەوە بوو، یان کەشی ڕۆشنبیریی ئەوکاتی میسر (سەردەمی محەممەدعەلی پاشا و خێدیوییەکان) کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو؟
بۆ ئاگاداریی بەڕێزتان؛ شاری (قاهیرە) کە لە ئێستادا پایتەختی دەوڵەتی (میسر)ە، لە ساڵی (١٨٠٥) ی زایینییەوە بووە ناوەندی دەسەڵاتی (محەممەد عەلی پاشا)؛ ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو وەک فەرماندەیەکی سەربازیی عوسمانی گەیشتە (میسر) و دواتر بە والی ئەو ویلایەتە دەستنیشان کرا. (محەممەد عەلی پاشا) لە شاری (قاهیرە)وە دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕاپەڕی و قەوارەیەکی سیاسیی نوێی بۆ خۆی دامەزراند. لەو ڕێکەوتەوە تا ساڵی (١٩٥٢)، خۆی و نەوەکانی فەرمانڕەوایی وڵاتی (میسر) یان کرد.
سەردەمی دەرچوونی ڕۆژنامەی "کوردستان" هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی دەسەڵاتی سێهەم ئەندامی بنەماڵەی (محەممەد عەلی پاشا)، کە ئەویش (عەباس حیلمی) دووەمە (١٨٩٢ - ١٩١٤ز). لەو قۆناغەدا، (محەممەد عەلی پاشا) و نەوەکانی بەگشتی پشتیوانییان لە دۆزی کورد دەکرد؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەی کورد لەو سەردەمەدا نەیاری دەوڵەتی عوسمانی بوون، هەروەک چۆن دەسەڵاتی (میسر) یش لە کێبڕکێ و ململانێدا بوو لەگەڵ عوسمانییەکاندا.
هەر بۆیە، لە سەردەمی (میر بەدرخان پاشا) (١٨٢١ - ١٨٤٧ز) کە میری میرنشینی (بۆتان) بوو، پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان ئەو و (محەممەد عەلی پاشا) و دەسەڵاتدارانی (میسر) دا هەبووە. (میقداد مەدحەت بەدرخان) کە لە نەوەکانی (میر بەدرخان)ە، سوودی لەو پەیوەندییە مێژووییە وەرگرت کە بۆیان مابووەوە. بەهۆی ئەو زەمینە لەبارە و ئەو ئازادییەی لە سەردەمی (محەممەد عەلی پاشا) وە تا سەردەمی (عەباس حیلمی پاشا) لە (میسر) دا هەبوو، شاری (قاهیرە) بووە گونجاوترین وێستگە بۆ ئەوەی نەوەیەکی میرانی بەدرخانییەکان یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیی تێدا بڵاو بکاتەوە.
دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەمکەکانی نەتەوایەتی و مۆدێڕنیتە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا. ئایا دەتوانین بڵێین ڕۆژنامەی کوردستان پەرچەکردارێک بوو بەرانبەر سیاسەتی ناوەندگەرایی دەوڵەتی عوسمانی، یان پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی ڕووت بوو بۆ بەئاگاهێنانەوەی تاک؟
دەرکەوتنی بیری نەتەوایەتی (ناسیۆنالیزم) - چ کوردی بێت یان تورکی، فارسی و عەرەبی - دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەمی زایینی؛ ئەمەش دوای سەرهەڵدانی ئەو بیرۆکەیە لە ئورووپا و گواستنەوەی بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست. لەو سەردەمەدا، عوسمانییەکان لە لووتکەی دەسەڵاتدا وەک هێزێکی نەتەوەیی تورک دەردەکەوتن، بەڵام لە بنەڕەتدا خۆیان وەک هێزێکی ئیسلامیی گەورە دەناساند و خۆیان بە ڕابەری نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە دەزانی.
پاش گواستنەوەی چەمکی ناسیۆنالیزم لە ئورووپاوە بۆ نێو نەتەوەکانی (فارس، تورک، عەرەب، کورد، ئەمازیغ، بەربەر، قیبتی و پێکهاتەکانی تر)، ئەم بیرۆکەیە لە ڕێگەی چینە خوێنەوارەکانەوە گەیشتە نێو کۆمەڵگەکان و لەو نێوەندەشدا گەیشتە نێو کورد. هەروەک ئاماژەمان پێ کرد، (میر بەدرخان) لە ساڵی (١٨٢١)ی زایینییەوە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دا و تا ساڵی (١٨٤٧) بەردەوام بوو لەسەر ئەو کارە؛ پێموایە ناوبراو پێش (شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری)، ڕابەری بیری نەتەوایەتی و دامەزرێنەری دەوڵەتی کوردییە لە مێژوودا.
(میقداد مەدحەت بەدرخان) یش کە لەم بنەماڵەیە بووە، بووەتە هۆی ئەوەی بیری نەتەوایەتی لە نێو ئەم بنەماڵەیەدا ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی هەبێت و کاری بۆ بکەن. هەر بۆیە دەبینین نەوەیەکی ئەو بنەماڵەیە لە شاری (قاهیرە)، بە دەرکردنی ڕۆژنامەی "کوردستان"، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی جێگیر دەکات.
جێی ئاماژەیە، لە ساڵی (١٩٠٨) دا تورکەکان لە ڕێگەی دامەزراندنی "کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی" بیری ناسیۆنالیزمی تورکییان بەسەردا زاڵ بوو و کاریان بۆ کرد. لای فارسەکانیش بە هەمان شێوە، ئەو دیاردەیە لە دوای شۆڕشی مەشرووتەی ئێران دژی (موزەفەردین شای قاجار) دەرکەوت. کەواتە کوردیش وەک پێکهاتە و نەتەوەیەکی ڕەسەنی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە پاڵ عەرەب و فارس و تورکدا، یەکێک بووە لەو نەتەوانەی کاری بۆ دۆزی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردی کردووە. لێرەوە دەردەکەوێت کە دەرچوونی ڕۆژنامەی "کوردستان" کارێکی نامۆ نییە، بەڵکوو هاوکات بووە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو شەپۆلە ناسیۆنالیستییەی کە لە ئورووپاوە گەیشتە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و نێو هەردوو دەوڵەتی (عوسمانی) و (قاجاری).
(میقداد مەدحەت بەدرخان) لە یەکەم ژمارەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی ڕۆژنامەکە ''هۆشیارکردنەوەی کوردە لە ڕووی زانست و مەعریفەوە''. بەبۆچوونی جەنابت، زمانی ڕۆژنامەکە و ئەو گوتارەی بەکاری دەهێنا، تا چەند توانی ئەو بۆشاییە مەعریفییە پڕ بکاتەوە لە کاتێکدا ڕێژەی خوێندەواری زۆر کەم بوو؟
(میقداد مەدحەت بەدرخان) ،وەک کەسایەتییەکی ڕۆشنبیری ئەو سەردەمە و نەوەی بنەماڵەیەکی خوێنەوار و نەتەوەیی وەک بەدرخانییەکان، لە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەکەیدا ڕوانگە و ستراتیژی خۆی بۆ خوێنەران ڕوون کردووەتەوە. ئەو بە وردی ئامانجەکانی دەرکردنی ڕۆژنامەکەی دەستنیشان کردووە و ویستوویەتی ئەو ڕێگایە دیاری بکات کە بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی کوردی دەبێت پێیدا تێپەڕێت تا دەگاتە ئەنجام.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕۆژنامەیە، هۆشیارکردنەوەی تاکی کورد بووە لە ڕێگەی زانست و مەعریفەوە. (میقداد مەدحەت بەدرخان) ویستوویەتی بە کۆمەڵگەی کوردی ڕابگەیەنێت کە ڕۆژنامەکەی دەروازەیەکە بۆ گەیاندنی زانیاری، هەواڵ و ڕووداوەکانی سەردەم؛ ئەمەش بە مەبەستی بەئاگاهێنانەوەی کورد لە خەوی غەفڵەت و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی و داگیرکاری.
هەروەها، ناوبراو داوای لە میر و سەرۆک هۆز و خێڵەکان کردووە کە کۆتایی بە ململانێ نێوخۆیی و چینایەتییەکان بهێنن و تێ بکۆشن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان، تاوەکوو کوردیش وەک گەلانی ئورووپا بگاتە مافە ڕەواکانی خۆی. لە ڕاستیدا (میقداد مەدحەت بەدرخان) ویستوویەتی ئەو پەیامەی کە باپیرە گەورەی (میر بەدرخان) بەهۆی هەلومەرجی مێژووییەوە بۆی جێبەجێ نەکرا، بیگەیەنێتە نەوەکانی داهاتوو؛ بەو ئومێدەی لە داهاتوودا سەرکردەیەک لە ناو کورددا هەڵبکەوێت کە بتوانێت نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا کۆبکاتەوە.
سەبارەت بەوەی ئایا (میقداد مەدحەت بەدرخان) توانی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، دیارە ئامانجی سەرەکیی ئەو گەیاندنی پەیامەکە بووە. وەک ئاماژەمان پێ کرد، کاتێک باپیرە گەورەی (میر بەدرخان) بەو هەموو هێزە چەکدارییە، داراییە باشە، ئیدارەدانە تۆکمەیە و ئەو ناوچە بەرفراوانەی لەژێر دەسەڵاتیدا بوو، نەیتوانی لە ماوەی ٢٦ ساڵەی تەمەنی فەرمانڕەوایەتیدا دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، ئەوا سروشتییە کە (میقداد مەدحەت بەدرخان) یش بەتەنیا نەتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێت.
بەڵام گرنگیی کارەکەی لەوەدا بوو کە توانی ئەو پەیامە بگەیەنێتە تەواوی تاکەکانی کورد و لە مێژوودا بێ چەندوچوون بیسەلمێنێت کە هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، یەکڕیزیی کورد و زیندووکردنەوەی هەستی ناسیۆنالیزم خستووەتە گەڕ. بە کورتی، ئەو "تۆپەکەی هاویشتە ناو گۆڕەپانی کۆمەڵگەی کوردی" تاوەکوو لە داهاتوودا کاری لەسەر بکەن. پێم وایە پەیامێکی دروستی گەیاند؛ ئەوەی کە نەیدەتوانی بە کردار ئەنجامی بدات، توانی لە ڕێگەی گوتار و نووسینەوە بە جیهانی بگەیەنێت، بۆیە کارەکەی زۆر لە جێی خۆیدا بوو.
لە ڕووی زمانەوانییەوە، ڕۆژنامەی (کوردستان) بە شێوەزاری کرمانجیی سەروو دەنووسرا، بەڵام هەوڵی دەدا ببێتە زمانێکی ستاندارد. ئایا ئەم ڕۆژنامەیە چ ڕۆڵێکی گێڕا لە گواستنەوەی زمانی کوردی لە دۆخێکی زارەکییەوە بۆ دۆخێکی نووسراوی مۆدێڕن و ڕۆژنامەوانی؟
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە کوردستانی گەورە لە ئێستادا بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەش بووە؛ کوردستانی باکوور لە ژێر دەسەڵاتی تورکیە، کوردستانی خۆرئاوا لە ژێر دەسەڵاتی سووریە، کوردستانی باشوور لە چوارچێوەی عێراق و کوردستانی خۆرهەڵاتیش لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندایە. هەروەها دوو بەشی دیکەی کوردستان دەکەونە ناو سنووری وڵاتانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان.
لە ڕوانگەیەکی واقیعییەوە، نزیکەی ٦٥٪ی دانیشتووانی ئەم جوگرافیا بەرفراوانە بە شێوەزاری کورمانجیی سەروو دەئاخڤن، و نزیکەی ٣٥٪ی تریش بە شێوەزارەکانی کورمانجیی خواروو (سۆرانی)، لوڕی، هەورامی و گۆرانی قسە دەکەن. ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە زۆرینەی ڕەهای کوردستان بە شێوەزاری کورمانجیی سەروو دەدوێن، و تەنیا بەشێک لە کوردستانی خۆرهەڵات و باشوور بە شێوەزارەکانی تر قسە دەکەن.
سەبارەت بەم پرسە مێژووییە، (میقداد مەدحەت بەدرخان) وەک نەوەی بنەماڵەیەک کە شێوەزاری ڕەسەنیان کورمانجیی سەروو بووە، هەر ئەو شێوەزارەشی لە نووسینەکانیدا بەکارهێناوە. ئەمە مافێکی سروشتی خۆی بووە، چونکە هەم شێوەزاری ئاخاوتنی بنەماڵەکەی بووە و هەم شێوەزاری زۆرینەی گەلی کورد بووە لەو سەردەمەدا؛ بۆیە ئاسایی بووە کە هەوڵی دابێت بیکاتە زمانی ستاندارد.
ئەم بابەتە دوورە لە لایەنگری کەسی، چونکە ئەگەر لەو سەردەمەدا شاعیر و زانایانی وەک (نالی، مەحوی، سالم و کوردی) ئەو کارەیان بکردایە، بێگومان بە شێوەزاری کورمانجیی خواروو دەیاننووسی، وەک چۆن بۆ کوردێکی لوڕ، گۆران یان هەورامیش هەر بەو جۆرە دەبوو. کەواتە هەڵبژاردنی شێوەزاری کورمانجیی سەروو لەلایەن (میقداد بەدرخان)ەوە، ڕەنگدانەوەی واقیعی ئەو سەردەمە و ژینگەی کۆمەڵایەتی و جوگرافیی ئەو بووە.
ڕۆژنامەگەریی کوردی بە دیاردەیەکی دەگمەن دەست پێ دەکات، ئەویش لەدایکبوونە لە'تاراوگە'. ئایا ئەم خەسڵەتە (دووری لە خاک و جەماوەری مەبەست) چ کاریگەرییەکی دەروونی و سیاسیی لەسەر شێوازی داڕشتنی هەواڵ و وتارەکان هەبووە؟ ئایا ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردی زیاتر 'سیاسی و خەباتگێڕ' بێت وەک لەوەی'پیشەیی و هەواڵساز' بێت؟
پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە لەو قۆناغە مێژووییەدا، تاکی کورد زیاتر لە ڕوانگەی خەبات و بژێوییەوە سەیری ژیانی دەکرد و بارودۆخەکە وەک سەردەمی ئێستا پێشکەوتوو نەبوو تا وەکوو ڕۆژنامەگەری وەک پیشەیەکی سەربەخۆ و "هەواڵساز" دەربکەوێت. لەو سەردەمەدا، ڕۆژنامەگەری ئامرازێک بوو بۆ خەباتی سیاسی و نەتەوەیی؛ هاوشێوەی ئەو ڕۆژنامانەی کە ئێستا پارتە کوردییەکانی خۆرهەڵات لە شاخەوە دەریان دەکەن (وەک ڕۆژنامەی کوردستان) بۆ گەیاندنی پەیامی شۆڕش، کە بێگومان جیاوازە لەو ڕۆژنامانەی لە قۆناغی حوکمڕانی و دەوڵەتداریی هەرێمی کوردستاندا دەردەچن.
(میقداد مەدحەت بەدرخان) لە دەرکردنی ڕۆژنامەی (کوردستان)دا، لەبڕی پیشەگەریی میدیایی، زیاتر جەختی لەسەر پەیامی کوردایەتی و خەباتی ڕزگاریخوازی دەکردەوە. ئەو ویستی لە ڕێگەی ئەم میدیایەوە پەیامی ناسنامەی کورد، سەربەخۆیی و یەکڕیزی نەتەوەکەی بە جیهانی دەرەوە بگەیەنێت، کە ئەمەش هەنگاوێکی تەواو دروست و مێژوویی بوو.
دەرکردنی ڕۆژنامە لە تاراوگەدا ئاڵنگارییەکی گەورە بوو، چونکە لەو سەردەمەدا خاکی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی (عوسمانی) و (قاجاری)دا بوو؛ دەسەڵاتدارانی عوسمانی بە هیچ جۆرێک ڕێگەیان نەدەدا کەس بە زمانی کوردی بنووسێت. ئەگەر لە نێوخۆی نیشتماندا ئەو ئازادییە هەبووایە، (میقداد بەدرخان) پەنای بۆ (قاهیرە) نەدەبرد بۆ ئەنجامدانی خەباتی سیاسی.
هەمیشە دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کە مرۆڤی تاراوگەنشین، ئاسەواری غوربەت و ئاوارەیی بە نووسینەکانییەوە دیارە و خەمەکانی قووڵترن لەوانەی لە سەر خاکی ئازاد دەنووسن. بەڵام سەرەڕای ئەو خەم و ئاوارەییە، کاتێک سەیری لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی (کوردستان) دەکەین، دەبینین وەک کارێکی سیاسی و نەتەوەیی، پڕە لە هیوایەک کە ئومێد دەبەخشێتە کورد بۆ گەیشتن بە دەوڵەت و مافە ڕەواکانی خۆی.
لەو سەردەمەدا گەیاندنی ڕۆژنامەکە لە (میسر) و ئورووپاوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان پڕۆسەیەکی زۆر ئەستەم بووە. ئایا بەڵگەنامە مێژووییەکان چی دەڵێن سەبارەت بە تۆڕی دابەشکردن و خوێنەرانی ئەو کاتە؟ کێ بوون ئەوانەی ڕۆژنامەکەیان دەخوێندەوە؟
کاتێک یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە (قاهیرە) و لە سەر دەستی کەسایەتییەکی دیاری وەک (میقداد مەدحەت بەدرخان) و بە تێچووی تایبەتیی خۆی دەردەچێت، پێویستە چەند ڕاستییەکی مێژوویی لەبەرچاو بگرین:
یەکەم: کەم دەرامەتی و سنوورداری توانای دارایی، وای کردووە تیراژی ڕۆژنامەکە ئەوەندە زۆر نەبێت تا بگاتە هەموو ناوچەکانی کوردستان و دەستی تەواوی خوێنەواران و ناوەندە بڕیار بەدەستەکان.
دووهەم: نەبوونی دەزگا و دامەزراوەیەکی گواستنەوە و دابەشکاریی ڕێکخراو، ئاستەنگێکی گەورە بووە لە بەردەم گەیشتنی ڕۆژنامەکە بە ناوچە دوورەدەستەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات
سێهەم: ڕێژەی خوێندەواری لەو سەردەمەدا زۆر کەم بووە (نزیکەی ٥٪) و لەناو ئەو ڕێژە کەمەشدا، چەمکی "ڕۆژنامە" وەک میدیایەکی نوێ هێشتا ئاشنا نەبووە.
دەتوانین بڵێین (میقداد مەدحەت بەدرخان) ئەم ڕۆژنامەیەی زیاتر بۆ داهاتوو و بۆ چەسپاندنی مێژوویەک چاپ کردووە. ئەگەرچی گەیشتووەتە دەستی سەدان کەس، بەڵام نەگەیشتووەتە دەستی هەزاران. زانیارییە مێژووییەکان سەبارەت وردەکاری بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکە لە نێوخۆی کوردستان (بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی کوردستان) زۆر کەمن و ئەم لایەنە هێشتا لە مێژوونووسیی کوردیدا وەک پێویست کاری لە سەر نەکراوە. واقیعەکە ئەوەیە کە ڕەنگە تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لە خوێنەوارانی شارەکانی خۆرهەڵات چاویان بەم ڕۆژنامەیە کەوتبێت.
ئامانجی سەرەکی، دەرچوونی ڕۆژنامەیەکی کوردی بووە لە ناوەندێکی گرنگی سیاسی و ڕۆشنبیری وەک (قاهیرە). لەوێشدا، ڕەنگە تەنیا بگاتە دەست ئەو دەستەبژێرە خوێنەوارەی کە لە (میسر)دا بوون. لایەنێکی تریش، پرسی شێوەزار بووە؛ کورمانجیی سەروو کە زمانی ڕۆژنامەکە بووە، بۆ ئەو بەشەی کورد (٣٥٪) کە بە شێوەزارەکانی تر دواون، نامۆ بووە. ئەگەر بە پێوەری ئێستاش بپێورێت، کتێبێک بە کورمانجیی سەروو لە شارەکانی وەک سلێمانی یان سنە، خوێنەری تایبەت و سنوورداری هەیە؛ چ جای ئەو سەردەمەی کە ١٢٨ ساڵ لەمەوبەر بووە. کەواتە، گرنگیی مێژوویی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەوەدایە کە بووە بناغە و دەستوورێک بۆ مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی، نەک ئەوەی چەندە بە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بڵاوبووەتەوە.
پاش ١٢٨ ساڵ، کاتێک دەڕوانینە دۆخی ئێستای میدیای کوردی، ئایا هەمان ئەو ئاڵنگارییانە دەبینیتەوە کە بەدرخانییەکان ڕووبەڕووی دەبوونەوە؟ بۆ نموونە: کێشەی دارایی، پەرتەوازەیی گوتار، و کاریگەریی حیزب لەسەر میدیا؟
دوای تێپەڕبوونی ١٢٨ ساڵ بەسەر ئەو وێستگە مێژووییەدا، کورد هێشتا نەگەیشتووەتە سەربەخۆیی تەواوەتی؛ تەنیا لە باشووری کوردستان قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆ و لە خۆرئاوای کوردستانیش دەسەڵاتێکی خۆسەر هەیە، کە هەردووکیان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی بوونەتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، دەتوانین بڵێین ڕۆژنامەگەریی کوردی هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە بەرز و ستانداردەی کە لە وڵاتانی ئورووپا یان وڵاتانی دراوسێی وەک (ئێران، تورکیە و وڵاتانی عەرەبی) دەبینرێت. ئەگەرچی لەم ماوەیەدا هەزاران ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە دەرچوون و هەنگاوی باش نراون، بەڵام میدیای کوردی وەک هێزێکی کاریگەر هێشتا لە لووتکەی تواناکانی خۆیدا نییە.
ئەم دۆخە دیاردەیەکی سروشتییە؛ چونکە نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت کە ئێمە سەبارەت بە نەتەوەیەک دەدوێین کە بەسەر چوار شێوەزار و شەش وڵاتی جیاوازدا دابەش کراوە، کە هەر یەکەیان خاوەن زمان، کولتوور و سیستەمێکی سیاسیی جیاوازن. لە نێوان زیاتر لە ٢٠٠ دەوڵەت و سەدان نەتەوەی جیهاندا، بێگومان دەرەنجامی هەوڵەکانی کورد هاوشانی نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەتی وەک ئەمریکی، بەریتانی، ئێرانی یان تورک نابێت.
لە کۆتاییدا، دەکرێت بڵێین ڕۆژنامەگەری و میدیای کوردی بەپێی ئەو واقیعە سەختەی تێیدایە، هەنگاوی زۆر باشی ناوە و تەنانەت لە هەندێک وێستگەدا لە ڕەوتی مێژووی خۆی پێش کەوتووە، بەڵام هێشتا ڕێگەیەکی زۆری لەبەر دەمە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئاستە بەرزەی کە بتوانێت شان لە شانی میدیای وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بدات.
بەدرخانییەکان توانییان لە ڕێگەی ڕۆژنامەکەوە پەیوەندی لەگەڵ خۆرهەڵاتناسەکان و دونیای دەرەوە دروست بکەن. ئایا میدیای کوردیی ئەمڕۆ توانیویەتی ببێتە پردێک بۆ گەیاندنی دۆزی کورد بە جیهان، یان زیاتر لە بازنەیەکی نێوخۆییدا دەخولێتەوە؟
ئەگەر بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بۆ مێژوو بکەین، دەبینین بنەماڵەی بەدرخانییەکان ئەوەی لە توانایاندا بوو ئەنجامیان دا. لە سەردەمی میرایەتی (میر بەدرخان پاشادا) (١٨٢١-١٨٤٧ز)، کارێکی مەزنیان لە بەڕێوەبردنی میرنشینی بۆتاندا کرد. دواتریش نەوەکانیان یەک لە دوای یەک، هەوڵی بێوچانیان دا تا خەباتی کوردایەتی لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەری، نووسین، دیپلۆماسی و کۆڕ و کۆبوونەوەوە بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان، بەتایبەت لە ئورووپا و ئەمریکا بگەیەنن.
ئەگەرچی هەوڵەکانیان زۆر بوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانیی دارایی و سیاسیی پێویست، و هەروەها پەرتەوازەیی هەوڵە نەتەوەییەکان کە هەریەکەو لە لایەکەوە کاری دەکرد، نەتوانرا ئەو ئەنجامە کۆتاییە بەدەست بهێنرێت کە (میقداد مەدحەت بەدرخان) خەونی پێوە دەبینی. ئەم دۆخە لە ڕوانگەی مێژووییەوە سروشتییە؛ چونکە کاتێک نەتەوەیەک یەکگرتوو نەبێت و خاوەنی قەوارەیەکی سیاسیی یەکگرتوو نەبێت، هەوڵە تاکەکەسی و بنەماڵەییەکانیش بێبەرگ نابن، بەڵام ناگەنە ئاستی سەرکەوتنی یەکجاری.
سەبارەت بە واقیعی ئێستای میدیای کوردی، دەبینین هەنگاوی زۆر گەورە نراوە؛ بوونی نزیکەی سەد کەناڵی ئاسمانی دەستکەوتێکی کەم نییە. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بەراوردی بکەین لەگەڵ میدیای نەتەوەکانی دراوسێ (عەرەب، تورک و فارس)، دەبێت بڵێین هێشتا نەگەیشتووینەتە ئاستی کێبڕکێ لەگەڵ ئەواندا. ئەمەش هۆکارەکەی ڕوونە: کاتێک عەرەب خاوەنی ٢٢ دەوڵەتە، تورک و ئێرانیش خاوەن دەوڵەت و سەروەریی خۆیانن، کورد هێشتا بێ دەوڵەتە، زمانی یەکگرتووی ستانداردی نییە و دابەشکراوە.
سەرەڕای ئەمانەش، وەک پسپۆڕێکی بواری مێژوو (نەک میدیا)، پێم وایە میدیای کوردی لە ئێستادا زۆر لە پێش ڕەوتی سیاسەت، دیپلۆماسی و کایە ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکانی تری کوردەوەیە. لە ئێستادا کەناڵە گەورەکانی ڕاگەیاندنی کوردی لە ئاستی جیهانیدا کێبڕکێ دەکەن، لە کاتێکدا کە کاری حیزبی، دەوڵەتداری و کایە ڕۆشنبیرییەکانی تر هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە بەرزە.