کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی شەڕ ئامادەیی تەواوی دەربڕی

16:08 - 2 بانەمەڕ 2726

ئەیال زەمیر، بەرپرسی ستادی گشتی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە دۆخی ئامادەیی تەواودان و لە ئەگەری پێویستدا، دەتوانن دەستبەجێ و بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بگەڕێنەوە بۆ نێو شەڕ لە هەموو بەرەکاندا.

زەمیر لە کاتی ڕێوڕەسمی ڕۆژی سەربەخۆیی ئیسرائیلدا ئەم لێدوانانەی دا و بە ئاماژەدان بە گۆڕانکارییەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر وتی: "ئەرتەشی ئەم وڵاتە لە ڕێگەی شەڕە بەردەوامەکانەوە سەرقاڵی بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی توانای سەربازیی خۆیەتی."

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ناسەقامگیری ئاگربەستەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و لوبنان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەرتەشی ئیسرائیل هاوکات لە چەندین بەرەدا لە دۆخی ئامادەباشیدایە.

زەمیر ئەوەشی زیاد کرد کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە چوارچێوەی گرژییەکانی پێشووی لەگەڵ ئێراندا لە دۆخی چالاکدایە و بە وردی چاوەدێری جووڵە ناوچەییەکان دەکات.

لە کۆتاییدا، بەرپرسی ستادی گشتی ئەرتەشی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئاستێکی بەرزی ئامادەباشیدا دەمێننەوە و لە کاتی پێویستدا دەتوانن "دەستبەجێ و بە هێزێکی زۆرەوە" دەست بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکەنەوە.