
ئاسۆ مینبەری
پرسی خاک بۆ کورد تەنیا جوغرافیا نییە، ئەم پرسە پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ شوناس، مێژوو و تەنانەت مانەوەی کورد وەک نەتەوە هەیە. کورد وەکوو گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهان هەمیشە هەوڵی دەستەبەرکردنی ماف و سەرەوەریی خۆی داوە. هەر ئەمە وای کردووە "نیشتمان" هێمای خولیاکانی بۆ سەربەخۆیی و دیاریکردنی چارەنووسی بێت.
خاک بۆ کورد، تێکەڵاوێک لە بیرەوەری، ئازار، بەرخودان و هیوا بە داهاتوویە، داهاتوویەک کە بە هەزاران لاوی نیشتمانی بۆ بوونەتە قوربانی و بێگومان کاروانی گیانفیداییەکەشیان دوورودرێژە. خاک و نیشتمان دووانەیەکی لێکدانەبڕاون، پرسی نیشتمان مرۆڤ بە خاک دەبەستێتەوە و وا دەکا کە لەپێناویدا ئامادەی هەر چەشنە گیانبازییەک بێت.
لە بەرانبەردا نەبوونی خاک و نیشتمانی سەربەخۆ وای کردووە کە کورد تووشی نەهامەتی زۆر ببێتەوە. زۆر جار بە ڕوودانی ڕووداوێک، زامی نەبوونی خاک و نیشتمان دەکولێتەوە و تاکی کورد خۆی لە قووڵایی زامێکدا دەبینێتەوە کە پێی وایە قەت ساڕێژ نابێت. هەرچەند مێژووی کورد پڕ لەم زامە ناسۆرانەیە بەڵام لەم وتارەدا دەمەوێ دوو بابەت باس بکەم و بە بەراوردێکیان تۆزێک زیاتر زامەکە هەڵدەمەوە.
لە هاوینی ١٤٠١دا، ژینا ئەمینی لە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیدا، بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی دڵخوازی ڕێژیم کرایە ئامانجی قەتڵێکی سیستماتیکی حکوومەتی. دوای شەهیدبوونی باس لەوە کرا براکەی لە ئیدارەی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم گوتوویەتی: ئێمە غەریبین! ئەمە تەنیا یەک ڕستە نییە! تراژێدیایە، تراژێدیایەک کە ئەوەی بێ خاک و نیشتمان نەبێ لێی تێ ناگات. ئەو جوغرافیایەی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە پارێزگاریی لێ دەکات و بە نیشتمانی هەمووانی ناو دەبات، ئەو خاکەی کە لە کاتی شەڕدا و بە قسەی خۆی کوردی غەیوور بە باشترین پاسەوانی دەزانێ لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا، تەنیا غەریبستانێک بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە بوو! بۆیە ژینای غەریب لەو شارەدا و بێبەزەییانە بوو بە قوربانیی سیاسەتی ئیدئۆلۆژیکی خۆبەزلزانی ناوەند و دواتر تەرمە بێ گیانەکەی گەڕێندرایەوە بۆ کوردستان!
لە لایەکی ترەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کردنە ئامانجی حیزبە کوردستانییەکان لەم هەرێمە، سێ کچە پێشمەرگەی کوردستان بە ناوەکانی غەزاڵ مەولان، نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری شەهید بوون. شەهیدبوونی ئەم سێ کچە پێشمەرگەیە -کە هاوکات شەهیدبوونی لاوێکی دێموکراتیشی لەگەڵ بوو- جارێکی دیکە هەست و سۆزی خەڵکی ورووژاند و شەپۆلێکی بەرین لە هاوخەمیی بۆ شەهیدبوونی ئەم کچانە لەنێو خەڵکدا دەستی پێ کرد. بەڵام زامەکە ئەوکاتە زیاتر بەسوێ بوویەوە کە بەخاکسپاردنی تەرمەکان بە هۆی باری ئەمنییەوە تووشی ئاڵنگاریی زۆر بوویەوە و لە کۆتاییشدا زۆر غەریبانە بە خاکی کوردستان ئەسپێردران.
کۆماری ئیسلامی پێش بەخاکسپاردنی تەرمی غەزاڵ، گۆڕستانەکەی کردە ئامانج و نەیهێشت تەرمە بێگیانەکەشی لە ئاسوودەییدا بنێژرێت! ئەم دۆخە وەبیرهێنەرەوەی ئەوە شێعرەی مامۆستا شەریفە کە دەڵێ: "من لە شاری خۆم غەریب و بۆ هەموو بێگانە خۆم، کۆتری کوژراوی ڕێگەی لانە خۆم، بێلانە خۆم"! ئەمانە گێڕانەوەیەکن لە سێ چیرۆک، سێ بەسەرهات، سێ ڕووداو، سێ شەهید و سێ کچی پڕ لە ئاوات و خۆزگە!
سەرنجدانێکی هەر دوو بابەتەکە، دەرخەری قووڵیی زامەکانی ئێمەیە، زامی نەبوونی خاک و ئاوارەبوون لە نیشتمان! ئەگەرچی ئەم دوو چیرۆکە لە دوو جوغرافیای جیادا ڕوویان داوە و هەرکامەیان بە چەشنێکن، بەڵام دوو خاڵی هاوبەشیان هەیە! ئەویش هەبوونی دوژمنێکی ستەمکار و بێبەش بوونمان لە خاکە!
ژینا بە دەستی سەرسەختترین دوژمنی کوردستان، واتە کۆماری ئیسلامی شەهید بوو. ئەم کچە بوو بە قوربانیی ئیدئۆلۆژییەک کە ساڵانێکە ژن دەچەوسێنێتەوە و نە وەک مرۆڤ و نە وەک ژن هیچ مافێکی پێ ڕەوا نابینێ. لەلایەکی دیکەوە کچە پێشمەرگەکانی کوردستان وەک کەسانێکی خاوەن هەست و ئاوەز، بە هەستکردن بەو ستەمە کە ژینای کردە قوربانی، دێنە مەیدانی خەباتەوە و بۆ بەرگری لە مان و شوناسی خۆیان چەکی پێشمەرگایەتی لە شان دەکەن. لەم دوو چیرۆکەدا، چوار کچی پڕ لە خۆزگە و ئاوات بە چارەنووسی جیاواز شەهید بوون. بیرکردنەوە لەم ڕووداوانە پێمان دەڵێ کە لە هەر سێ ڕووداوەکەدا، پرسی خاکە کە ئەم کچانە کۆ دەکاتەوە، ژینای بێگانە لە تاران و غەزاڵ، نەدا و سەمیرای پێشمەرگەی دابڕاو لە خاک و زێد! تێڕامان لە شەهیدبوونی ئەو کچانە کە هەرکامەیان دەیانتوانی لە داهاتوو و لەسەر خاکێکی سەربەست خزمەی زیاتر بە نەتەوەکەیان بکەن، ئەو هەقیقەتەمان وەبیر دێنێتەوە کە ئەگەر لە قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەکاندا، هەوڵ بۆ ڕزگاربوونی خاک و نیشتمانەکەمان نەدەین، پرسی خاک وەک پرسێکی چارەسەرنەکراو بەرە لە دوای بەرە، ڕۆڵەکانمان دەکاتە قوربانی.
وتەیەکی دوکتور قاسملوو بیر دێنمەوە کە ئەگەر ئەم نەوەیە لە ڕزگارکردنی خاکدا نەتوانین ڕۆڵی شیاوی خۆمان بگێڕین، بێگومان نەوەکانی داهاتوو و بە هەزاران غەزاڵ، نەدا، سەمیرا و ژینا دەبێ لە تروپکی لاویدا ببنە قوربانی. هەزاران کچی وەک ئەوان هەن کە ئاواتیان هەناسەکێشان لەسەر خاکی خۆیان و بونیاتنانی نیشتمانێکی دوور لە شەڕ و ڕازاوە بە ئازادی و سەربەستییە.