بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە چڕکردنەوەی سنووردارکردنی ئینتێرنێت و پیشاندانی وێنەیەک لە پشتگیریی گشتی، لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی گێڕانەوەی گۆڕانکارییە نێوخۆییەکانن؛ کارێک کە هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدرێت.
لەو چوارچێوەدا، "بیبیسی"ی جیهانی ڕایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوانە نیشاندەری نیگەرانییەکی ڕوو لە زیادی ڕێژیمە لە ئەگەری گەڕانەوەی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکان و جەختی کردووەتەوە کە کۆمەڵگە لە ژێر باری سانسۆر و قەیرانی بژێویدا، لەگەڵ کێشەوبەرەی جیددی ڕووبەڕووە.
هاوکات پرۆسەی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران بەردەوامە. لەم دواییانە ئەمیرعەلی میرجەعفەری، یەکێک لە گیراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار لەسێدارە درا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان لە حەوتووەکانی ڕابردوودا لانیکەم ١٤ کەس لەسێدارە دراون.
شرۆڤەکاران هاوکات لەگەل بەردەوامیی هۆشدارییە ئەمنییەتییەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، ئەم هەنگاوانە بە نیشانەیەک لە ترسی ڕێژیم لە دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانەکان دەزانن.