کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوچوونی ٧٣٠ هەزار هەلی کار لە ئێران بەهۆی شەڕەوە

17:57 - 2 بانەمەڕ 2726

عەلیڕەزا مەحجووب، بەرپرسی "خانە کارگر"، ڕایگەیاند کە لە ڕەوتی شەڕدا، بە گشتی ٧٣٠ هەزار هەلی کار لەدەستچوون؛ بەجۆرێک کە ١٣٠ هەزار هەلی کار بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ٦٠٠ هەزار هەلی کار بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەنێوچوون.

ناوبراو وێڕای هۆشداریدان سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم دۆخە، جەختی کردەوە کە شوێنەوارەکانی بێکاریی بەهۆی قەیرانی دوای شەڕ، زۆر لەم ژمارانە زیاتر دەبێت و دەتوانێت گوشاری زیاتر بخاتە سەر بژێوی هاووڵاتییان.

هاوکات، محەممەد هادی عەسگەری، جێگری وەزیری کاری ڕێژیم باسی لە پلانەکانی پشتگیریکردن بۆ یەکە بەرهەمهێنەرە زیانپێکەوتووەکان کرد، بەڵام هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە ڕانەگەیاند.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا پێشنیارەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی جیهانی بۆ ئەنجامدانی دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ ڕەت کردووەتەوە؛ بابەتێک کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی بەردەوامی قەیرانی ئابووری لە ئێران.