ڕۆژی ٣٠ی خاکەلێوە، دایە حاجی فاتمە وەلیپوور، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و دۆستی دێرینی حیزبی دێموکرات، لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی شاری نەغەدە بەهۆی وەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد.
دایە حاجی فاتمە، تەمەنی خۆی لەپێناو خزمەت بە ڕێبازی ڕزگاریخوازیی کورد تەرخان کرد؛ ماڵەکەی لە ئاوایی "وێنسلیان" هەمیشە پەناگە و شوێنی حەوانەوەی هێزی پێشمەرگە بووە. ئەم ژنە نیشتمانپەروەرە، دایکی چەندین ڕۆڵەی تێکۆشەرە کە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا چەکی شەڕەفیان هەڵگرتووە و ئێستاش نەوەکانی لە سەنگەرەکانی بەرگریدا درێژەپێدەری ڕێبازەکەی ئەو دایکە نیشتمانپەروەرەن.
تەرمی دایە فاتمە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە لە گۆڕستانی گوندی وێنسلیانی سەر بە شاری نەغەدە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.