بەشێکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆشنبیران، مامۆستایانی زانکۆ و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، لە هەڵوێستێکی هاوبەشدا دوو یاداشتی ناڕەزایەتییان ئاراستەی کونسوڵگەرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.
لە نامەیەکدا کە زیاتر لە ٣٠٠ کەسایەتی واژۆیان کردووە، داواکراوە کە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکان بۆ سەر خاکی هەرێم دەستبەجێ ڕابگیرێن و هاووڵاتیانی مەدەنی چیتر نەکرێنە قوربانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.
لەو نامەیەدا کە بۆ کونسوڵگەری ئەمریکا نێردراوە، ڕەخنەی توند لە هەڵوێستی "تەماشاکار گرتنی" واشینگتۆن گیراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی ٥٥ ڕۆژی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ٧٥٠ هێرشی جۆراوجۆر بووەتەوە.
واژۆکاران جەخت دەکەنەوە کە ئەمریکا بەرپرسیارە لە پاراستنی ئەمنییەتی هەرێم، بەتایبەت کە زۆربەی هێرشەکان بە بیانووی هەبوونی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن. هەروەها داوا کراوە کە پرسی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر هەرێم بکرێتە مەرجێکی سەرەکی لە هەر جۆرە دانوستان و ئاگربەستێکدا لەگەڵ لایەنی ئێرانی.
هاوکات لە پەیامێکی هاوشێوەدا بۆ کونسوڵگەری ڕێژیمی ئێران، ئەو کەسایەتییانە نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە کە وێڕای پاراستنی بێلایەنیی هەرێم و ڕەچاوکردنی بنەماکانی هاوسێیەتی، بەڵام تاران و گرووپە چەکدارەکانی بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەکان، ژێرخانی ئابووری و ناوچە نیشتەجێبووەکان.
لە نامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە شەهیدبوونی دەیان هاووڵاتی، پرسیار لە تاران کراوە کە بۆچی لە کاتی ئاگربەستدا هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل وەستاوە، بەڵام هەرێمی کوردستان هێشتا لەژێر بۆردوماندایە؟
لە کۆتاییدا، داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە کە ڕێز لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان بگرێت. واژۆکارانی نامەکە جەختیان کردووەتەوە کە خەڵکی کوردستان شایستەی ژیانێکی ئارامن و پێویستە پڕۆسەی خوێندن، کاسبی و گوزەرانی خەڵک لە مەترسیی مووشەک و دڕۆنەکان بپارێزرێت.