کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستی دێموکراتەکان لە سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی ترامپ

10:37 - 3 بانەمەڕ 2726

هەوڵی دووبارەی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی دۆناڵد ترامپ شکستی هێنا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی بانەمەڕ، مەجلیسی سێنای ئەمریکا بە ٥١ دەنگی نەرێنی و ٤٦ دەنگی ئەرێنی، پێشنیاری دێموکراتەکانی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی ترامپ لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی ڕەت کردەوە.

ئەمە پێنجەمین هەوڵی نوێنەرانی دێموکراتەکان بوو لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران. پڕۆژە پێشنیارکراوەکە کە نەیتوانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، لەلایەن "تەمی بالدوین"ـەوە سەرپەرشتی دەکرا و داوای کشانەوەی ئەو هێزە ئەمریکاییانەی دەکرد کە بەبێ مۆڵەتی کۆنگرە لە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بەشدارن.

سەرەڕای ئەم شکستە، دێموکراتەکان ڕایگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ دەنگدان لەسەر دەسەڵاتەکانی جەنگ.