کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی دیکە لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە درا

10:59 - 3 بانەمەڕ 2726

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی بانەمەڕ، دەزگای بەناو دادی کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدانی بەسەر هاووڵاتییەکدا بە ناوی "سوڵتانعەلی شیرزادی فەخر" جێبەجێ کرد.

میدیاکانی سەر بە دەزگای داد دەڵێن ئەم کەسە ئەندامی "موجاهیدینی خەلق" بووە و هاوکاریی "مووساد"ی کردووە. هەروەها ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ناوبراو دوای ساڵانێک نیشتەجێبوون لە ئیسپانیا، کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ ئێران دەستگیر کراوە.

تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی ڕوون لەسەر ئەم تۆمەتانە بڵاونەکراوەتەوە و پڕۆسەی دادگاییەکەشی بە نادیاری ماوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ ترساندنی خەڵک بەکاردەهێنێت.

لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، ئەمە چەندەمین زیندانیی سیاسییە کە بە تۆمەتی هاوشێوە لەسێدارە دەدرێت. چالاکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو، کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی بۆ سەرکوتی نەیارەکانی دەست پێکردووە.