کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی: ئێران دەبێ ئۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی ڕادەستی ئەمریکا بکات

11:28 - 3 بانەمەڕ 2726

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی دەبێ لە چوارچێوەی دانوستانەکانی لەگەڵ واشنگتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، ڕەزامەندی لەسەر ڕادەستکردنی تەواوی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بە ئەمریکا بدات.

 لیڤیت جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکی سەرەکییە لە پڕۆسەی گەیشتن بە ڕێککەوتن و وەستاندنی پێکدادانەکان.

وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد کە دۆناڵد ترامپ هیچ کاتێکی بڕاوە و دیاریکراوی بۆ کۆتاییهاتنی ئەو ئاگربەستە درێژکراوەیە دانەناوە کە ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیەندرا. ئەو ڕوونیکردەوە کە دیاریکردنی کاتی گونجاو تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆککۆمار و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دایە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر میدیاکان باسیان لە دەرفەتێکی ٣ بۆ ٥ ڕۆژە دەکرد.

هاوکات، کۆشکی سپی داوا لە تاران دەکات بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو بێتە نێو دانوستانەکانەوە. لیڤیت ڕایگەیاند کە ئەمریکا نەرمیی پێویستی نیشانداوە تا دەرفەت بداتە بەرپرسانی ئێران بۆ گەیشتن بە پێشنیارێکی ڕوون چونکە بە وتەی ئەو، ئێستا ناکۆکی و فرەدەنگییەکی زۆر لە نێوان کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا دەبینرێت و واشنگتۆن چاوەڕێی وەڵامێکی یەکدەست دەکات.