دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دوای وەستانی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن لە ٢٣ی خاکەلێوە، هیچ کاتێکی دەستنیشانکراو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بوونی نییە و پڕۆسەی وتووێژەکان بێ سنووردارکردنی کات بەردەوام دەبێت.
ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" جەختی کردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە دیاریکردنی "مۆڵەتی سێ تا پێنج ڕۆژە" بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکەن دوورن لە ڕاستی و وتی: "لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا هیچ پەلەپەلێک لە ئارادا نییە".
سەبارەت بە گرژییەکانی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز، سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کەشتییانەی باسیان لێوە دەکرێت ئەمریکایی نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە گوشارە ئابووریی و گەمارۆکان دەتوانن کاریگەرییەکی زیاتریان هەبێت وەک لە هێرشی سەربازی، چونکە تاران هەستیارییەکی زۆری بەرانبەر بەم جۆرە گوشارانە هەیە.