وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەرتەشی ئەو وڵاتە دەستیان بەسەر کەشتییەکی گەمارۆدراودا گرتووە کە نەوتی ئێرانی گواستووەتەوە.
بە وتەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، هێزەکانیان کەشتییەکی بێ ئاڵا بە ناوی (M/T Majestic X) کە لە لیستی گەمارۆکاندا بووە، ڕاگرتووە. ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم کەشتییە "نەوتی ئێرانی هەڵگرتبوو" و پڕۆسەی دەستبەسەرداگرتنەکەش لە "زەریای هیند" ئەنجام دراوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جەختی کردەوە کە یەرتەشی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییانەی گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت "پاڵپشتیی ماددی پێشکەش بە ئێران بکەن".
ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆی گەرووی هۆرمۆزەوە، دەستی بەسەر دەیان کەشتیدا گرتووە. ئەم کەشتییانە لە نزیک ئاوەکانی ئێران ڕانەگیراون، بەڵکوو لە زەریای هیند یان ناوچە دوورەدەستەکان کە ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی تێدا جێبەجێ دەکات، دەستیان بەسەردا دەگیرێت یان دەگەڕێندرێنەوە.