کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یسرائیل کاتس: بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران چاوەڕێی "چرای سەوز"ی ئەمریکاین

22:25 - 3 بانەمەڕ 2726

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی "بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ دژی ئێران ئامادەیە" و بۆ ئەم مەبەستەش تەنیا چاوەڕێی چرای سەوزی ئەمریکا دەکات.
ناوبراو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی: "ئەرتەشی ئیسرائیل چ لە ڕووی بەرگری و چ لە ڕووی هێرشبەرییەوە لە ئامادەباشیی تەواودایە و ئامانجەکان دەستنیشان کراون."
کاتس "کۆتاییهێنان بە بنەماڵەی خامنەیی و جێگرەوەکانی ڕێبەریی" کۆماری ئیسلامی وەک ئامانجی لەپێشینەی ئیسرائیل ناوبرد و وتیشی: "گەڕاندنەوەی ئێران بۆ سەردەمی بەردین لە ڕێگەی تێکشکاندنی دامەزراوە ناوەندییەکانی وزە و کارەبا و ژێرخانی ئابووریی، یەکێکی تر لە ئامانجەکانمانە."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئیدیعای ئەوەی کرد کە ڕێژیمی ئێران "چۆکی داداوە" و وتی: "ڕێبەرانیان لە نێو توونێلەکاندا خۆیان حەشارداوە و بۆ پەیوەندی و بڕیاردان تووشی کێشە بوون. ئاسمانی ئێران بەتەواوی کراوەیە و هەموو ژێرخانەکانە ستراتیژییەکانی لەبەردەستماندان، کەچی تاران هێشتا دەڵێ سەرکەوتووین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە دوای ٤٠ ڕۆژ لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە تێیدا هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و دڕۆنی و بۆردومانی قورس ئەنجام دران، هەردوولا لە ٢١ی خاکەلێوەدا بە نێوەندگیریی پاکستان لەسەر ئاگربەستێکی دوو حەوتوویی ڕێک کەوتبوون، تاوەکو دەرفەت بۆ دانوستان و چارەسەری ناکۆکییەکان بڕەخسێت.