بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی نێوخۆی ئێران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شەوی پێنجشەممە ٣ی بانەمەڕ، دەنگی تەقەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی (پەدافەند) لە چەندین شوێنی جیاوازی تاران بیستراوە.
هەواڵدەریی "مێهر"ی سەر بە ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانی خەریکی "ڕووبەڕووبوونەوەی ئامانجە دوژمنکارانەکانە". هاوکات هەواڵدەریی "ئیرنا" پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای تاران سیستەمەکانی بەرگری کەوتوونەتە کار.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، بەکارهێنەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە گەڕەکەکانی وەک "شارەکی ئێکباتان، جەنەتئاباد و مێهرئاباد" دەنگی بەردەوامی تەقەی دژەفڕێنەکان دەبیسترێت.