دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە فەرمانی بە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی داوە، هەر بەلەمێکی ئێرانی کە خەریکی مینڕێژکردن لە گەرووی هۆرمۆز بێت ، دەستبەجێ بیکەنە ئامانج و لەنێوی ببەن.
ترامپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشاڵ" نووسیویەتی: ''من فەرمانم بە هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان داوە، هەر بەلەمێک کە خەریکی چاندنی مین بێت لە ئاوەکانی گەرووی هۆرمۆز، تێک بشکێنن؛ نابێت هیچ گومان و دوودڵییەک لەمەدا هەبێت.''
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا ١٥٩ کەشتیی شەڕی ئێران لە بنکە دەریاییەکاندا نوقم بوون و هێزەکانی ئەمریکاش خەریکی پاککردنەوەی گەرووەکەن لە مین.
سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئێستا گەرووی هۆرمۆز لەژێر "کۆنترۆڵی تەواو"ی ئەمریکادایە و وتی: ''هیچ کەشتییەک ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی هێزی دەریایی ئەمریکا هاتووچۆ بکات و گەرووەکە بە تەواوی داخراوە تا ئەو کاتەی ئێران دەگاتە ڕێککەوتن''.
ترامپ سەبارەت بە دۆخی نێوخۆیی ئێرانیش ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژیم لە تەنگژەیەکی گەورەدایە بۆ دیاریکردنی ڕێبەری داهاتوو و ململانێیەکی قورس لە نێوان باڵەکاندا دروست بووە.