کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: پەلەم نییە، بەڵام تێپەڕینی کات بە قازانجی ئێران نییە

12:30 - 4 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، بە ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە ''بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەژێر گوشاردا بێت''، دەڵێت کات لە بەرژەوەندیی ئێراندا تێناپەڕێت.

دۆناڵد ترامپ بە ڕەخنەگرتنەوە لە میدیاکانی وەک نیویۆرک تایمز و سی ئێن ئێن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی ''ترووس سۆشیاڵ'' نووسیویەتی: ''بەپێچەوانەی ڕای ئەوان، من نیگەران و تامەزرۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران نیم؛ ڕەنگە وەک کەسێک لەم پێگەیەدا بم، کەمترین گوشار هەست پێ بکەم.''

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە درێژەدا وتوویەتی: ''هەموو کاتی جیهانم لەبەردەستە. بەڵام دۆخی ئێران بەو شێوەیە نییە: تێپەڕبوونی کات لە قازانجی ئەواندا نییە.''

دۆناڵد ترامپ دواتر جارێکی دیکە بە دووپاتکردنەوەی هەندێک لە دەستکەوتە سەربازییەکانی ئەمریکا لە شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ڕابردوودا، جەختی کردەوە کە ڕێککەوتن تەنیا لە بارودۆخێکدا واژۆ دەکرێت کە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانەکانمان و لە ڕاستیدا بۆ هەموو جیهان باش و گونجاو بێت.''