کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێیەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتە ناوچەکە

12:33 - 4 بانەمەڕ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج ئێچ. دەبلیوو. بوش'' گەیشتە سنووری ئۆپراسیۆنەکانی ئەو فەرماندەییە لە زەریای هیند.

ئەم کەشتییە کە لە جۆری "نیمیتز"ە، وەک بەشێک لە پلانی بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا جێگیر کراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم جووڵە سەربازییە، پشتیوانیکردنە لە ئۆپراسیۆنی "توورەیی حەماسی'' و توندترکردنی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران.

لە ئێستادا، ئەمریکا بە ئارایشێکی سەربازیی بەرفراوان لە ناوچەکەدا جێگیر بووە؛ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن" لە باکووری دەریای عەرەب، "جێراڵد ئاڕ. فۆرد" لە دەریای سوور، و گرووپی "تریپۆلی" لە دەریای عەرەب جێگیرن.

هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە تێکشکێنەر و شەڕکەرەکانی دیکە لە دەریای سوور و دەریای عومان لە ئامادەباشیدان.