کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات بەرەو هاوپەیمانیی سەربازی دژی ڕێژیمی ئێران هەنگاو دەنێت

10:50 - 12 خاکەلێوه 2726

ڕاپۆرتێکی نوێی ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" ئاماژە بەوە دەکات کە ئیمارات لە دوای زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆ لە هەنگاوە سەربازییەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەبوزەبی کە پێشتر ڕۆڵی نێوبژیوانی دەگێڕا، ئێستا بەهۆی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانەکانی، بەرەو بەشداریی سەربازی هەنگاو دەنێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئیمارات خەریکی ڕاوێژکردنە بۆ پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک لە شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە بەشداری ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی و ئاسیایی، بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لەم ڕێڕەوە ستراتیژییەدا.

گەرووی هۆرمۆز کە نزیکەی ٢٠ لەسەدی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، لە دوای تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییە بە کردەیی ڕووبەڕووی سنووردارکردنێکی توند بووەتەوە و ئەم بابەتە گوشارێکی بەرچاوی خستووەتە سەر ئابووری جیهان و وڵاتانی دەوروبەری کەنداو.

لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بەرفراوان بۆ سەر ئامانجگەلێک لە ئیمارات، دۆخی ئەمنییەتی ناوچەکەی بە توندی ئاڵۆز کردووە.

سەرباری پشتگیری هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ئێران، هێشتا کۆدەنگییەکی تەواو بۆ چوونە نێو شەڕی ڕاستەوخۆ دروست نەبووە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە فراوانبوونی شەڕ و لێکەوتە ئابوورییەکانی بەردەوامن.