کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی بژێوی و هەڵاوسان؛ تێچووی سەرکێشییەکانی ڕێژیم لە گیرفانی خەڵکدایە

12:36 - 4 بانەمەڕ 2726

لە کاتێکدا میدیاکانی ڕێژیم باس لە "سەرکەوتن" دەکەن، ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگە باس لە کارەساتێکی ئابووری دەکەن. خەڵک لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تەوژمی گرانییەکاندا بە تەنیا جێ هێڵدراون، بازاڕ تووشی سستییەکی قووڵ بووە و میلیۆنان کاسبکار بەرەو تێداچوون دەچن.

ئامارە مەیدانییەکان نیشان دەدەن کە نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر هەڵکشاوە. بۆ نموونە، سەبەتەیەکی کڕین کە پێشتر بە ٣٠٠ هەزار تمەن دابین دەکرا، ئێستا تێچووەکەی ٨٣٠ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە. نرخی شیرەمەنی، برنج و میوە بە شێوەی ڕۆژانە بەرز دەبێتەوە؛ بۆ نموونە هەر شووشەیەک شیر لە ٦٠ هەزارەوە گەیشتووەتە ١١٠ هەزار تمەن. توانای کڕینی خەڵک بە ڕادەیەک دابەزیوە کە تەنانەت ئەو بنەماڵانەی دوو مووچەشیان هەیە، لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەستەوستانن.

لە کەرتی بەرهەمهێنانیشدا، ڕاپۆرتەکان باس لە گوشاری زۆر بۆ سەر کارخانەکان دەکەن؛ کەرەستە خاوەکان بۆ مەبەستی نادیار دەگوازرێنەوە و هێڵەکانی بەرهەمهێنان بە زۆرەملێ گۆڕدراون. هاوکات لەگەڵ ئەم قەیرانە، دۆخی ئەمنییەتی شارەکانیش توندتر کراوەتەوە و هێزە چەکدارەکان لە شەقام و پارکەکاندا جێگیر کراون.

هاوکات لەگەڵ ململانێی هاووڵاتییان لە دژی هەڵاوسان و بێکاری، دەسەڵاتداران بە دەهۆڵی شەڕ خەریکی چەواشەکردنی ڕای گشتین. لە ڕاستیدا تەنیا خەڵکی مەدەنین کە دەبنە قوربانیی بڕیارە نادروستەکان و پڕوپاگەندە دوور لە ڕاستییەکانی ڕێژیم.