کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسایی‌ بوونەوەی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز چەند وەرز دەخایەنێت

12:44 - 4 بانەمەڕ 2726

جیم فیترلینگ، بەڕێوەبەری شیرکەتی "داو جۆنز" سەبارەت بە درێژەخایەنبوونی پڕۆسەی ئاسایی بوونەوەی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز هۆشداری دا و ڕایگەیاند کە ئەم پڕۆسەیە ئەگەری هەیە "چەند وەرزێک" بخایەنێت.

بە وتەی ناوبراو، تەنانەت لە ئەگەری کردنەوەی دەستبەجێی ئەم ڕێڕەوە، لابردنی تەواوی کۆسپە لۆجستیکەکان و گەڕاندنەوەی ڕەوتی ئاسایی بازرگانی دەریایی کاتێکی زۆری دەوێت.

فیترلینگ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "CNBC" جەختی کردەوە کە بەپێی سیناریۆ داڕێژراوەکان، پاککردنەوەی تەواوی ئەو گەرووە و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان ڕەنگە نزیکەی ٢٧٥ ڕۆژ یان تەنانەت زیاتریش بخایەنێت.

گەرووی هۆرمۆز لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران داخرا و دوای جێبەجێکردنی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، جارێکی دیکە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پەک خرا.

فیترلینگ هەروەها ئاماژەی بە پێویستی گەڕاندنەوەی کەشتییە بەتاڵەکان و پاککردنەوەی کەنداوی کرد و وتی ئەم پڕۆسەیە لە کورتخایەندا جێبەجێ ناکرێت.