کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە لیستی ١٠ بەرهەمهێنەری گەورەی پۆڵای جیهان چووە دەرێ

12:46 - 4 بانەمەڕ 2726

بەرهەمهێنانی پۆڵای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لەگەڵ دابەزینێکی بەرچاو بەرەوڕوو بووە. "کۆڕی جیهانی پۆڵا" ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنانی پۆڵای خاوی ناوچە لە مانگی مارسدا بە دابەزینی ٣٣ لەسەد گەیشتووەتە ٣.٥ میلیۆن تۆن.

ئەم ڕاپۆرتە بە جیا باسی بەرهەمهێنانی وڵاتانی نەکردووە، بەڵام چوونەدەرەوەی ئێران لە لیستی ١٠ گەورە بەرهەمهێنەری پۆڵای جیهانی پشتڕاست کردووەتەوە؛ لە کاتێکدا ئێران لە مانگی مارسی ساڵی ڕابردوودا بە بەرهەمهێنانی ٣.٣ میلیۆن تۆن، پشکێکی یەکسان بە ٦٢ لەسەدی کۆی بەرهەمهێنانی ناوچەکەی هەبوو.

هەندێک لە شیکەرەوەکان، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانە پیشەسازییەکانی ئێران بە هۆکاری سەرەکی ئەم داکەوتنە دەزانن. لەم هێرشانەدا، کۆمەڵگەکانی پۆڵای موبارەکەی ئەسفەهان و پۆڵای خوزستان کە بەشێکی سەرەکی بەرهەمهێنانی وڵاتەکەیان لە ئەستۆیە، کراونەتە ئامانج؛ ڕووداوێک کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنان و پەککەوتن لە ڕەوتی دابینکردنی پۆڵا لە ناوچەکەدا.