گیران، ئەشکەنجە، بێسەرشوێنبوون و ناڕوونی چارەنووسی هاونیشتمانیان بەردەوامە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە گیرانی چەندین کەس لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی بانەمەڕ، "ئەبووبەکر قادربۆکانی" ٥٥ ساڵە و خەڵکی بۆکان لە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەی ئەو ڕێکخراوەیەدا هاتووە کە "سوهەیل عەرەبی"، چالاکی سیاسی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی تاران، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەجدا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدایە.
ئەم چالاکە سیاسییە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەرەوڕووی تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی" بووەتەوە.
لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی مافی مرۆیی"کوردپا" ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوە، "مریەم داوودیان" ٥٥ ساڵە و خەڵکی بۆکان پاش بانگکران بۆ ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعات گیراوە و پاشان بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ گواستراوەتەوە.
مریەم داوودیان تووشی چەندین نەخۆشی وەک شەکرە، تالاسمی و ڕۆماتیسم بووە و پێشتیریش یەکێک لە چاوەکانی بەهۆی جەڵدەی چاو لەدەست داوە و پێویستی بە پێڕاگەیشتن و دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی تایبەت هەیە و گیران و ڕاگرتنی لە زیندانی ورمێ، مەترسی بۆ سەر سڵامەتی و گیانی دروست دەکات.
کوردپا هەروەها ڕایگەیاند کە سەرەڕای تێپەڕینی ٢٩ ڕۆژ لە گیرانی سەرەڕۆیانەی "ئەنوەر قوربانی"، خەڵکی بۆکان، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییک لەبەر دەستدا نییە.
ئەنوەر قوربانی لە ٥ی خاکەلێوە بە شێوەی توندوتیژانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی گیراوە و هەندێک لە کەلوپەلی تایبەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە زەوت کراوە و تا ئێستاش لە دەستراگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراوە.