کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی حوکمی لەسێدارەدانی بۆ سێ گەنجی دیکەی ناڕەزایەتییەکان دەرکرد

19:16 - 4 بانەمەڕ 2726

کۆمیتەی بەدواداچوونی دۆخی دەستبەسەرکراوان ئاشکرای کرد کە حوکمی سێدارەی سێ مێردمنداڵ و گەنجی تەمەن ١٧ و ١٨ ساڵان کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسند کراوە و ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی حوکمەکان کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئیحسان حوسێنی‌پوور، مەتین محەممەدی و عیرفان ئەمیری، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ئاگرکەوتنەوەی مزگەوتی "سەیدولشوهەدا" لە شاری پاکدەشت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕووبەڕووی ئەم سزایە بوونەتەوە.

دەزگای دادی ڕێژیم ئەم سێ کەسەی وەک "بکەرانی سەرەکی" ناساندووە و تۆمەتی "کوشتنی دوو کەس" و "تێکدانی ئەمنییەتی میللی" خستووەتە پاڵیان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە نزیکەکان لەو گەنجانە جەخت دەکەنەوە کە هەموو دانپێدانانەکان لەژێر "ئەشکەنجەی توند" و "هەڕەشەی چەک"دا وەرگیراون.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکەدا، مافی پارێزبەندی و بەرگریکردن لە خۆیان بە شێوەیەکی یاسایی لێ زەوت کراوە و حوکمەکە لە بارودۆخێکی ناڕووندا دەرچووە.