کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی نوێی ترامپ: دوای پردەکان، نۆرەی وێستگەکانی کارەبا دێت

11:10 - 14 خاکەلێوه 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، جارێکی دیکە هەڕەشەی توندی ئاراستەی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن.

ترامپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: ئەرتەشی ئەمریکا "هێشتا دەستی بە وێرانکردنی ئەوەی لە ئێران ماوەتەوە، نەکردووە."

ترامپ ئێوارەی پێنجشەممە، ١٣ی خاکەلێوە، هۆشداری دا و وتی: ''دوای پردەکان، نۆرەی وێستگەکانی کارەبا دەگات.'' هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: ''ئەرتەشی ئێمە کە بە جیاوازییەکی زۆر گەورەترین و بەهێزترین ئەرتەشی جیهانە، هێشتا دەستی بە لەنێوبردنی پاشماوەکانی ئێران نەکردووە. لە هەنگاوی داهاتوودا پردەکان و پاشان وێستگەکانی کارەبا دەکرێنە ئامانج! سەرکردایەتیی ڕێژیمی نوێ دەزانێت دەبێ چی بکات و دەبێ بە خێراییش کار بکات.''

ترامپ شەوی چوارشەممە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە ئێران وتبووی: «لە ماوەی دوو بۆ سێ حەفتەی داهاتوودا گورزی زۆر توندیان لێ دەدەین و دەیانگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەردین.''

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ترامپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەهۆی کوژرانی زۆربەی سەرکردەکانی پێشوو، ئێستا "ڕێژیمێکی نوێ" لە ئێران هاتووەتە سەر کار و "سەرۆککۆماری ڕێژیمی نوێ" داوای ئاگربەستی کردووە.

لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، چەند کاتژمێرێک پێش بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی ترامپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیبووی: «هێرشکردنە سەر ژێرخانە مەدەنییەکان، لەوانە پردە تەواونەکراوەکان، ئێرانییەکان ناچار بە خۆبەدەستەوەدان ناکات.''