کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری شەڕی ئەمریکا: گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران پەرەی پێدەدرێت

19:17 - 4 بانەمەڕ 2726

پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران پەرەی پێ دەدرێت و ڕەهەندێکی جیهانیی گرتووەتەوە.

وەزیری شەڕی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن جەختی کردەوە کە "هیچ کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی هێزی دەریایی ئەمریکا لە گەرووی هۆرمۆزەوە بۆ هیچ شوێنێکی جیهان ناچێت". ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگر دەگاتە ناوچەکە و پێوەست بەم گەمارۆیەوە دەبێت.

هێگسێت وەک بەڵگەیەک بۆ سەرکەوتنی گەمارۆکە، تیشکی خستە سەر دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتیی ئێرانی لە ناوچەی "زەریای هیند" لەم حەوتوویەدا و وتی: "ئەوان وایان دەزانی لە کاتی خۆیدا دەرچوون، بەڵام دەستمان بەسەردا گرتن و کەشتیی زیاتریش دەگرین".

هەروەها وەزیری شەڕی ئەمریکا بە توندی ڕەخنەی لە هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی واشنگتۆن گرت و ڕایگەیاند کە ئەوان وەک پێویست هاوکاریی ئەمریکایان نەکردووە، لە کاتێکدا ئورووپا زۆر زیاتر لە ئەمریکا پێویستی بە گەرووی هۆرمۆز هەیە. وتیشی: "ئێمە حیساب بۆ ئورووپا ناکەین، پێویستە ئەوان کەمتر قسە بکەن و کەمتر کۆنفرانسی بریقەدار ساز بکەن و سواری بەلەم بن، چونکە ئەمە کێشەی ئەوانە".