تامی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنگتۆن هەنگاوی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نایاسایی نەوتی ئێران دەست پێ کردووە؛ هەنگاوێک کە بە وتەی ئەو سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی دارایی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییە.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا پاڵاوگەیەکی گەورەی سەربەخۆی لە چین، لەگەڵ نزیکەی ٤٠ ئامانجی دیکە، کە پاپۆڕ و خاوەنەکانیان یان بەڕێوەبەرەکانیان دەگرێتەوە، خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم تۆڕە ڕۆڵێکی گرینگی لە بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی ئێراندا هەیە. بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە ئەم گەمارۆیانە بە مەبەستی بڕینی سەرچاوە داراییەکانە کە بۆ پاڵپشتی هێزە نیابەتییەکان و تێکدانی سەقامگیری ناوچە بەکار دەهێنرێن.
پیگۆت هەروەها وتی هەڵمەتی "گوشاری لانیزۆر" بە مەبەستی لێپرسینەوە لە کۆماری ئیسلامی بەرامبەر هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبێت.
تامی پیگۆت وتی دەوڵەتی ئەمریکا هێشتا لەسەر ئەوە جەخت دەکاتەوە کە ڕێژیمی ئێران نەتوانێت لە داهاتە نایاساییەکانی نەوت بۆ پێشبردنی ئامانجە تێکدەرەکانی خۆی کەڵک وەربگرێت، لە کاتێکدا خەڵکی ئێران بەردەوام لە دەست خراپیی بەڕێوەبردنی ئابووری و سەرکوتکردن دەناڵێنن.