سێناتۆر ڕاجێر ویکێر، بەرپرسی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی مەجلیسی سێنای ئەمریکا، داوای دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران و کردنە ئامانجی تواناکانی سەربازیی ئەو وڵاتەی کرد.
ویکێر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "کاتی دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کۆتایی هاتووە" و جەختی کردەوە کە ناتوانرێت متمانە بە بەڵێنەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بکرێت. ئەو هەروەها بێمتمانەیی خۆی بەرامبەر بە جێگرە توندڕەوەکانی عەلی خامنەیی دەربڕی.
ئەم سیناتۆرەی ئەمریکا داوای لە دۆناڵد ترامپ کرد وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی هەنگاوی سەربازی بۆ "لەنێوبردنی تەواوی" تواناکانی سەربازیی ئێران دەربکات. بە وتەی ئەو، پاشماوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش دەبێت بکرێتە ئامانج.
ویکێر وتی کە ئەم جۆرە هەنگاوانە تاکە ڕێگایە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەدا؛ لێدوانێک کە دەکرێت ببێتە هۆی زیاترکردنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.